سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانییەوە ئاشکرایکرد، دوێنێ یەکشەممە ژنێکی تەمەن 19ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا “بە خۆهەڵواسین خۆی خنکاندووە”، لە ناحیەی شوانیش كچێك خۆی كوشت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ژنەکە لە چێشتخانەکەی ماڵی خۆیاندا، بە لەچكەكەی، خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنکاندووە.
ژنە 19 ساڵەکە ناوی (کیژان قادر) بووە و ماوەی تەنها هەشت مانگە هاوسەرگیریی كردووە، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە، کەسوکاری ژنەكە داوای یاساییان لەسەر هاوسەری کچەکەیان تۆمارکردووە.
هەر دوێنێ یەکشەممە، لە ناحیەی شوان، کچێک، کە خوێندکاری زانکۆی کەرکوک بوو، بە دوو فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لەماوەی تەنها سێ ڕۆژدا 5 حاڵەتی خۆکوشتن و کوشتن لە هەرێمی کوردستان ڕویانداوە، کە زۆرینەی قوربانییەکان مێینە بوون.