لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕونکردنەوە دەدرێت

ئەمڕۆ لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانیکرد بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بە وتەی ئەندامێکی لیژنەکە وەزارەت “هەنگاوی باشی هەڵگرتووە”.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە شنۆ عەشقی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ” دوای چوار کاتژمێر کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرپێنج لێژنەی ڕاسپێردراو بە جێبەجێ کردنی  ڕێنماییەکانی تایبەت بە یاسای چاکسازی گەیشتینە ئەو بڕوایەی وەزارەت بە ئەرکی خۆی هەستاوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی”.

ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی پێشمەرگە خستوویەتییە بەردەست لیژنەی دەستپاکی و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیش کراوە بەم شێوەیەیە:

1- لێژنەی یەکخستن و ڕێکخستنی بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرواری 12/1/2021 ماوەی سێ مانگ  زیاترە لەڕێگەی نوسراوێکی  فەرمی بە 11 یانزە خاڵ میکانیزمی یەکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە.

2- لێژنەی ئامادەکردنی لیستی پاسەوانانی دام و دەزگا حکومی و حیزبی و کەسایەتی و لێپرسراوان لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و گواستنەوەیان بۆ سەرمیلاکی هێزەکانی ناوخۆ، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ کردووە و پەیڕەویان ئامادە کردووە .

3-لێژنەی ئامادەکردن و پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامانی سەنگەر و شەهیدانی زیندووی هێزی پێشمەرگەو فەرمانبەران سەرجەم دۆسیەکانیان ئامادەکردووە بەڵام وەزارەتی شەهیدان ئامادە نیە دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش لە ئەستۆ بگرێ و وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە نیە دۆسیەی خانەنشینان و کەمئەندامان لە ئەستۆ بگرن بەو شێوەیەی کە لەیاسای چاکسازیدا هاتووە.

4- لێژنەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی کەسیی و خزمەتی ئەفسەران و پلەداران و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕێنمایی وڕاپۆرتیان ئامادەکردووە.

5-لێژنەی پێداچوونەوەی میلاکاتی هێزەکانی پێشمەرگە چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی 70 و 80 ئەنجامداوە، پێشنیاریان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی موافەقەی نوسراوەکانیان بکەن.

بابەتی پێشتر

هێرشی چەکدارە شیعەکان لە عێراق هاوشێوەی هێرشی حوسییەکانی لێهاتووە

بابەتی دواتر

ئیسرائیل بەڵێنی ڕاگرتنی ئێران دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share