لەمیانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا ترەمپ ڕایگەیاند، لە تەندروستییەكی باشدایە و داوای لە لایەنگرانی كرد لەو دڵگەرمییەیان بۆ دەنگدان بەردەوام بن.
ترەمپ جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی بۆ جارێكی دیكە شكست بە ڤایرۆسەكەی چین دێنێت و لە ڕەگ دەری هەڵی دەكێشێت، ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕێگا نادەم ئەمریكا بكرێت بە وڵاتێكی ئیشتراكی”.
سەرۆكی ئەمریكا ڕاشیگەیاند، “پێویستە كۆتایی بەو ڕەوتە چەپە بێنین لە ئەمریكا، ئەگەر چەپە ڕادیكاڵەكان حكوم بكەن هەڵمەتێك دژ بە یاسا ئەنجامدەدەن”.
لە وتەكانیدا ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە كابینەكەی ئەودا ڕێژەی تاوان كەمتر بووەتەوە بەراورد بە كابینەكەی ئۆباما، باسی لەوەشكرد، ڕێژەی بێكاری بۆ نزمترین ئاستی دابەزی پێش كۆرۆنا.
لە پێش دوو هەزار لایەنگری كە لە بەردەم كۆشكی سپی بوون، ترەمپ داوای كرد دەنگی پێبدەن و چوار ساڵی تر بیكەنەوە بە سەرۆكی ئەو وڵاتە.