پێشبینی دەكرێت نرخی بتكۆین بگاتە سەروو ملیۆنێك دۆلار

بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بۆ 100 هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە

دراوی ئەلیكترۆنی بتكۆین ئەمڕۆ سێشەممە 13ی نیسان ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆماركرد و نرخی گەیشتە سەروو 62 هەزار دۆلار، بەمەش بەهاكەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێژەی 114% زیادیكرد.

ڕاپۆرتی ئابوریی جۆراوجۆر پێشبینی ئەوەی تیایە نرخی دراوەكە بگاتە 100 هەزار دۆلار بۆ هەر بتكۆین-ێك، ئەگەری زیادبوون لەو نرخەش هەیە، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە پێیانوایە بۆ سەروو یەك ملیۆن دۆلار بەرزدەبێتەوە لەماوەیەكی مەودا ناوەنددا.

رۆبەرت كیوساكی، نوسەری كتێبی (باوكی زەنگین و باوكی هەژار)، كە بە یەكێك لە باشترین كتێبە فرۆشراوەكان دادەنرێت، پێشبینی دەكات نرخەكە لەماوەی پێنج ساڵدا بگاتە زیاتر لە 1.2 ملیۆن دۆلار، ئاماژە بەوەشدەكات ژمارەیەك لە دراوەكەی كڕیوە كاتێك نرخی 9 هەزار دۆلار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكیش كە سایتی (بتكۆین.كۆم) بڵاویكردووەتەوە كیوساكی لە كانونی یەكەمی 2020 پێشبینی كردووە بتكۆین لە ساڵی 2021دا 50 هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.

سەرەڕای ئەوەی نرخی بتكۆین 60 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، كیوساكی هەلی وەبەرهێنان تیایدا دەبینێت و، وەك پارێزەرێكی وەبەرهێنانی گرنگ هاوشێوەی زێر ناویدەبات.

وائیل نەحاس، شارەزایی ئابوریی میسڕی دەڵێت، مایەی سەرسامی نییە كە دراوی بتكۆین بگاتە ئاستی سەروو ملیۆن دۆلار لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، دركیان بەوەكرد كە دژایەتیكردنیان بۆ بتكۆین سودی نابێت، بۆیە دەستیانكرد بە دانانی لەنێو سیستمی ئابورییاندا، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە كاریان لەسەر دروستكردنی دراوی ئەلیكترۆنی تایبەت بەخۆیان كرد.

ململانێی ملیاردێرەكان لەسەر بتكۆین.. گەیتس ڕێنوێنی دوركەوتنەوە و مەسك داوای وەبەرهێنان دەكات

بەپێی پێشبینی و هەڵسەنگاندنەكان لەم هاوینەی داهاتوودا دراوەكە بەربەستی 65 هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت، ساڵەكەش بە نرخی زیاتر لە 165 هەزار دۆلار كۆتایی پێدەهێنێت، دوای ئەوەش بازدانی نرخ تیایدا بە بڕی 20 هەزار دۆلار دەبێت و، لە ماوەی پێنج تا 10 ساڵی داهاتوودا نرخەكەی لە سەروو ملیۆن دۆلارەوە دەبێت.

موهەنەد عورەیقات، شیكەرەوەی دارایی لە گروپی (سی ئێف ئەی)، پێچەوانەی ئەو پێشبینیانەیە و ئەگەری گەیشتنی نرخی دراوەكە بە سەروو ملیۆن دۆلار لە ئاستی مامناوەنددا بەدووردەزانێت.

بەڵام هاوڕایە لەگەڵ ئەو پێشبینیانەی دەڵێن، نرخەكەی لە چەند مانگی داهاتوودا دەگاتە 70 هەزار دۆلار.

عورەیقات دوپاتیشیكردەوە، سەرەڕای ئەوەی لەزۆر وڵاتدا قەدەغەیە و، بانكە ناوەندییەكان دژایەتی دەكەن، بەڵام بتكۆین وەك سیستمێكی پارەدانی زیاتر گشتگیر و گونجاو خۆی دەبینێتەوە هاوكات لەگەڵ ئەو بەرز و نزمییانەی بەسەر ئابوریی جیهانیدا دێت.

ڕاپۆرتێكیش كە لەلایەن یەكێك لە مەزنەكانی (واڵ ستریت) بانك ئۆن نیویۆرك میلۆن كۆربورەیشن (بی ئێن وای) بڵاوبووەتەوە پێشبینی دەكات دراوەكە بەربەستی 100 هەزار دۆلار ببڕێت و، ئاستێكی نوێش بە گەیشتنە تەمموزی داهاتوو تۆماربكات، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە كە لەلایەن گۆڤاری فۆڕبس-ەوە بڵاوكراوەتەوە.

بتكۆین زیادبوونی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، بەهاكەی سێ جار لە چەند مانگی ڕابردوودا زیادیكرد، لەكاتێكدا لە ناوەڕاستی كانونی دووەمی كۆتایی ساڵی ڕابردوو تەنها 20 هەزار دۆلار بوو.

س: ئەلحوڕە + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

بایدن داوا لە پوتین دەكات لە وڵاتی سێیەم كۆببنەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) پاریس بایرنی تێپەراند و هاوشانی چێڵسی گەیشتنە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share