هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار چییە؟

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، هۆكاری ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئەو دراوە دەگەڕێندرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی دۆلار، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا نرخی دۆلار 500 دیناری چووەتەسەرە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پاش پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق بازار جوڵەی تێكەوتووەتەوە، بازرگانەكان و هاوردەكاران كارەكانیان زیادی كردووە و كاڵاكانیان بە دینار دەفرۆشن و بە دۆلار لە دەرەوە دەیكڕن، ئەوەش وای كرووە خواست لەسەر دۆلار زیاد بێت”.

جەبار گۆران وتیشی، “خاڵێكی دیكەش ئەوەیە لە ئێستادا بانكە بازرگانییەكان و بانكە ئەهلییەكان، خستنەڕووی دۆلارەكانیان كەمكردووەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، “هاوڵاتییانیش لە ئێستادا، ڕوویان لە كڕینی دۆلار كردووە، بەهۆی ئەو لێدوانانەی بەشێك لە ئابوریناسان دەیدەین و دەڵین بە دۆلار پارە پاشەكەوت بكەن و سەرمایەكەتان بكەن بە دۆلاری ئەمریكی”.

بە بڕوای وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، ئەگەر بانكی ناوەندیی عێراق هاوشێوەی ئەمڕۆ دۆلار بخاتە بازاڕەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە نرخەكەی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمڕۆ بانكی ناوەندیی عێراق، 193 ملیۆن و 478 هەزار دۆلاری خستوەتە بازاڕەوە، زیاتر لە 174 ملیۆنی بۆ ئیلتزاماتی بازرگانی بووە، 19 ملیۆن و 210 هەزاریشی بەشێوەی نەختی بووە”.

لەكاتی داخستنی بازاڕ، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی نیسان، 100 دۆلار بەرامبەر بووە بە، 147 هەزار و 800 دیناری عێراقی.

بابەتی پێشتر

گەشتوگوزاری سلێمانی دەیان شوێنی داخستووە

بابەتی دواتر

ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی پاپای ڤاتیکان بۆ سەرۆکی هەرێمی نارد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا نرخی نەوت دابەزی، ئەوەش نزمترین ئاستە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا. نرخی نەوتی خاوی…
Total
0
Share