چێڵسی لە هاوکێشەی ئەگوێرۆدا پێش هەمووان کەوتووە

بەرپرسانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی سێرجیۆ ئەگوێرۆی هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی دەستپێکردووە و لە دانوستاندنەکانیشدا پێشەنگیان گرتووە.

ماڵپەڕی “تی وای سی” ئەرجەنتینی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی یانەی چێڵسییەوە ئاشکرایکردووە، کە تۆماس توخێلی ڕاهێنەری نوێی یانە بڕیاریداوە لە هاوینی 2021 گۆڕانکاری لەسەر ئاستی هێڵی هێرشبەری پێکهاتەکەی ئەنجامبدات.

توخێل لەوە تێگەیشتووە کە ئۆلیڤی جیرو و تامی ئەبراهام لە توانایاندا نییە ئەرکی تۆمارکردنی گۆڵ بۆ وەرزی داهاتوو بگرنە ئەستۆ، لە هەمان کاتدا تیمۆ ڤێرنەری ئەڵمانی ئاستی بەپێی پێویست نەبووە، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە هێرشبەرێکی گۆڵکاری نمرە یەک دابین بکات و ئەوەش کە داوایکردووە ئەگوێرۆیە، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم یاریزانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێرلینگ هالاندی نەرویجی نرخەکەی بەرزە و هێرشبەرێکی دیکە بەهەمان ئەزموون و توانا لە پلانەکانیاندا بوونی نییە.

ئەگوێرۆ لە هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت و بێبەرانبەر دەتوانێت ڕوو لە هەر یانەیەکی دیکە بکات، یاریزانەکە ئامادەنییە ڕوو لە یانەکانی دەرەوەی ئینگلتەرا بکات و ئەوەش دەرفەتێکی گونجاوی بۆ چێڵسی ڕەخساندووە تاوەکو هەوڵی بۆ بدەن.

“تی وای سی” نوسیویەتی، لە دانوستاندنەکان بۆ گواستنەوەی “کون”ی ئەرجەنتینی، ئیدارەی بلوزی لەندەن پێشەنگییان لە یانە داواکارەکانی دیکە گرتووە، یاریزانەکەش ڕەزامەندی نیشانداوە پەیوەندیان پێوەبکات بەو مەرجەی خواستەکانی جێبەجێبکرێت.

ئەگوێرۆ ئەزموونی 10 ساڵ یاریکردنی لە پریمەرلیگ هەیە، لەو ماوەیەدا 384 یاری کردووە و 257 گۆڵی تۆمارکردووە و 73 گۆڵی دیکەی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندووە.

بابەتی پێشتر

لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لەبارەی پەناڵتیەکەی کلاسیکۆ وەڵامی بەرشلۆنەی دایەوە

بابەتی دواتر

ئەندازیاری بۆندی نێیمار: ڤینیسیۆز خیانەتی لە بەرشلۆنە کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share