وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پێشوازی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانان.

لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وەستاندنی شەڕی چەکداری و دانانی چەکەکانی دەکەین و بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگی دەزانین کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە”.

ئەوەشیخستووەتەڕوو، “ئەم راگەیاندنە دەرفەتێکی راستەقینە دروستدەکات بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو ململانێیە درێژخایەنانەی کە دەیان ساڵە سێبەریان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا خستووە”.

وەزارەتی دەرەوە لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، “وەزارەت پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپاتدەکاتەوە کە دەبێتەهۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەکاتەوە لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بەشێوەیەک کە خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان بەدیبهێنێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share