مام جەلال.. 16 ساڵ پێش ئێستا پۆستی سەرۆککۆماری لە تەشریفاتییەوە کردە پۆستێکی کاریگەر

16 ساڵ پێش ئێستا و دوو ساڵ دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس بۆ یەکەمجار کوردێک بووە سەرۆککۆماری عێراق، کاتێک مام جەلال پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرت عێراق لە قۆناغێکی نوێدابوو و گۆڕانکارییەکان خێرابوون، هەر لایەن و وڵاتێکی دراوسێ بە جیا هەوڵیدەدا عێراق بەو شێوەیە ئاڕاستە بکات کە لە بەرژەوەندی خۆیەتی، بۆیە لێکترازان و دروستبوونی ئاڵۆزی ئەگەرێکی سەرەکی بوو، بەڵام مام جەلال هەموو ئەو لایەنە ناکۆکانەی کۆکردەوە و بەستەڵەکی نێوانیانی تواندەوە.

ساڵانێکی زۆربوو کە شیعەکان بەهۆی سیاسەتی چەندین ساڵەی ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق توشی داپڵۆسین ببونەوە، بۆیە کاتێک دەسەڵاتیان گرتە دەست هەوڵی قەرەبووکردنەوەیان دەدا و ئەمەش جۆرێک ناکۆکی زیندووکردەدوە لە نێوان شیعە و سونەدا، لێرەدا ڕۆڵی مام جەلال دەرکەوت بۆ ڕاگرتنی ئەو باڵانسە و کۆشکی کۆماری بووە ڕێکردنەوەی هاوکێشەکان.

کاریگەری مام جەلال لە ڕێککردنەوەی پەیوەندی ئاڵۆزی لایەنەکان لە چییەوە سەرچاوەی دەگرت؟

کاتێک عێراقی نوێ دروست بوو مام جەلال نزیکەی 50 ساڵ بوو لە عێراق و ناوچەکەدا سیاسەتی دەکرد، هەموو ئەو کەسانەی وەک سیاسی لە هاوکێشەی عێراقی نوێدابوون، مام جەلال خۆی و باوکیانی دەناسی و پەیوەندی و سیاسەتی مام جەلال لە ساڵانی پێشوودا ببوە هۆکارێک کە تەواوی لایەنەکان گوێیان بۆ دەگرت.

پەیوەندی مام جەلال و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بەعسدا لەگەڵ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەوکاتەدا هۆکارێکی دیکە بوو کە بەشێک لە سیاسییەکان خۆیان بە قەرزاری مام جەلال دەزانی و بە هەموو شێوەیەک ڕێزیان بۆ قسە و بڕیارەکانی جەلال تاڵەبانی دادەنا.

کۆکردنەوەی جەمسەرە دژەکان لە ژورێکدا

یەکێک لە سیفاتە کاریگەرەکانی مام جەلال لە پۆستی سەرۆککۆماریدا ئەوەبوو، توانای هەبوو جەمسەرە دژەکان لە یەک ژوردا کۆبکاتەوە و وەک سەرکردەکانی عێراق دەڵێن سونە و شیعە و ئێران و ئەمریکای لە ژورێکدا کۆدەکردەوە.

لە یەکێک لە گفتوکانیدا، عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە دەڵێت، “جەلال تاڵەبانی ئێمە و سونەکانی بۆ خوانی ئێوارە بانگێشت دەکرد و نەیدەهێشت کە بەرلەوەی ئێمە بگەینە ئەوێ یان کاتێک لەوێ بین ناکۆکی و ساردی نێوان لایەنەکان ببێتە هۆی تێکدانی کۆبوونەوەکان و هەموومان لە شوێنێکدا کۆدەکردەوە”.

هەموو ئەو کاریگەریانەی مام جەلال لە پۆستی سەرۆککۆماریدا وایکرد کە مانایەکی بەهێز بە پۆستی سەرۆککۆماری ببەخشێت و لە پۆستێکی تەشریفاتییەوە بیکاتە پۆستێکی کاریگەر و هەوێنی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگی.

بابەتی پێشتر

ئیندۆنیزیا.. بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوییەوە 157 كەس گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم ڕەوشی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە واشنتن لەگەڵ رێكخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ خاتوو ئەلیزابێس ریچارد، رێكخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی…
Total
0
Share