وەزیرێكی بەریتانی: شانشینی یەكگرتوو ئێستا قەرزارباری كوردێكە

جەیمس کلێڤەرلی

وەزیرێكی بەریتانی دەڵێت، بەردەوام سەرسام بووم بەو هێزی بەرگرییەی کوردەکان دژی هێزەکانی بەعسیان نیشانداوە و دەشڵێت، “بەریتانیا ئێستا قەرزارباری کوردێکە”.

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی به‌ریتانیا و ئەندامی پەرلەمانی شانشینی یەكگرتوو وتارێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئازار مانگی خۆشی و ناخۆشیە بۆ گەلی کورد. من دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەک کوردانی هەموو جیهان ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! وە لە 16ی ئازار بۆ یادکردنەوەی 33یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین کردەوە لە هەڵەبجە خولەکێک وەستام.

کلێڤەرلی لەو وتارەیدا، كە بەبۆنەی بڕیاری ژمارە 688ی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە نوسیویەتی و لەلایەن كونسوڵگەری گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بڵاوكراوەتەوە، دەشڵێت، “من بە دیاریکراوی لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی 1991 دەوەستم، من بەردەوام سەرسام بووم بەو هێزی بەرگرییەی کوردەکان دژی سەدام حوسێن و هێزەکانی بەعسیان نیشانداوە، بەڵام هیچ گومانی تێدانیە کەوا ئەم شۆڕشە پێویستی بە گیانبەختکردن هەبووە. ژمارەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانیکران و ناچارکران ماڵەکانیان جێبهێڵن پێیان باشتربوو لەوەی ڕوبەڕووی توندوتیژییەکی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیادنەکرێن”.

هەروەك باس لە هەوڵەكانی 30 ساڵ لەمەوبەری شانشینی یەكگرتوو و وڵاتانی دیكەی جیهان دەكات كە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارە 688ی لێكەوتەوە کە بووە ئەنجامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەیی و دەڵێت، “دۆستایەتی و هەڵوێست لە کاتە هەرە پێویستەکاندا بەدیارکەوت. بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و حەوت ئەندامەکەی تر بەشانازییەوە دۆستایەتی کوردیان هەڵبژارد لەوکاتەی کە کورد زۆر پێویستی بەو هەڵوێستە هەبوو”.

وەزیرەكەی بەریتانیا دەشڵێت، “سەرسام بووم، کاتێ چاوم بە سەرکردە کوردەکان کەوت و بینیم کە ئێوە چەندە گەشبین و ئومێدتان بەگەلەکەتانە لەبەرامبەر ئالینگارییە بەردەوامەکان. ئەو ئومێد و خۆڕاگریە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای کۆڤید و، هەروەک ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوولاتان بەردەوام دەبین”.

دوپاتیشیدەكاتەوە، بەریتانیا، لەوەتەی ساڵی 1991ەوە، وەک دۆستێکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەتەوە. کونسڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵیۆزخانەکانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە و تیمەکەیان کار لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن.

کلێڤەرلی جەختیشدەكاتەوە، “وەک وەزیرێک لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا و بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من دڵنیایی دەدەم کە ئەم پەیوەندی و دۆستیایەتیە هاوبەش و دوولایەنە نزیکە پشتگوێنەخەم. بەریتانیا ئێستا قەرزباری کوردێکە- نەدیم زەهاوی، وەزیری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ڕەچەڵەک کوردە و هاوڕێیەکی نزیکمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینکردنی پێکوتە”.

لە كۆتایشدا دەڵێت، ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان یەکیانگرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد کە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگی یادەکە بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی هەیە لە نێوانماندا.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی هەولێر سزای ئۆتۆمبێلێكی بوكی دا

بابەتی دواتر

پوتین یاسایەك بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی واژوودەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share