پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕوداوی مزگەوتەكە ڕونكردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ڕەتیکردۆتەوە ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لەو مزگەوتە ئەنجامدرابێت

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بنكەیەكی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆی كاری بەدڕەوشتی لە یەكێك لە مزگەوتەكاندا ڕاسپێردراوە و دەشڵێت، ئامادەن بۆ چاودێریکردن و بەرگرتن لەھەر کارێکی بەدڕەوشتی و نایاسایی.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، دوای ئەوەی لە سایتێكدا ھەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە یەکێک لە مزگەوتەکانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی بۆ کاری بەدڕەوشتی بەکاردەھێرێ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕاستی و دروستی ھەواڵەکە بکەن.

دەشڵێت، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی سەرا لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد و بەوتەی مامۆستای ئاینیی مزگەوتەکە لەمساڵدا ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لە مزگەوتەکەدا ئەنجامنەدراوە.

ھەروەھا بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی ڕەتیکردۆتەوە کە ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لەو مزگەوتە ئەنجامدرابێت و بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەشیان لەوبارەیەوە داوە، وەك ئەوەی لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە.

پۆلیسی سلێمانی دوپاتیشیدەکاتەوە “وەک ئەرکی سەرشانیان ئامادەیی تەواویان ھەیە بۆ چاودێریکردن و بەرگرتن لەھەر کارێکی بەدڕەوشتی و نایاسایی لەھەر شوێن و جێگایەکی شاری سلێمانیدا ئەنجامبدرێت”.

پێشتر ئیبراهیم عارف، وتارخوێنی مزگەوتی حاجی عەزیز خەیات، ئەو مزگەوتەی دەنگۆی ئەنجامدانی لەشفرۆشی تیایدا بڵاوبووەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس هەندێك قسەی منیان شێواندووە و هەڵیانگەڕاندووەتەوە، من شتی وام نەوتووە كە مزگەوتەكە بووبێتە شوێنی لەشفرۆشی و كاری بەدڕەوشتی تێدابكرێت، لە قسەی خۆم بەرپرسیارم و دەزانم چیم وتووە”.

ئەو مامۆستا ئاینییە ئەوەشی خستەڕوو، “خەڵكێكی زۆر گلەیی ئەوەیان كرد، بۆ چی مزگەوتەكە زوو دادەخرێت، ئێمەش لەو وتارە وتمان شوێنی مزگەوتەكە ناو بازاڕە ئوتێل هەیە و قەرەجی لێیە و خەڵكی بەڕەڵا و بێ ساحیب هەن و كۆمەڵێك خەڵكی تری تێدایە كە لە وڵاتانەوە هاتوون، با مزگەوتەكەمان نەبێتە شوێنی كاری خراپ و ناوبانگی خراپ نەبێت دایدەخەین”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی:‏ هێزە ئەمنییەكانم ڕاسپاردووە بۆ دەستگیركردنی ‏ بكوژەكەی چەمچەماڵ و هەر كەسێك كە داڵدەی دابێت

جێگری سەرۆكی سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، “هەموو هێزە ئەمنییەكانم ڕاسپاردووە بە زووترین كات بكوژی ئەندامانی خێزانەكەی چەمچەماڵ، بەهەر…
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر رایدەگەیەنێت، لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچناری…
Total
0
Share