وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرایكردووە، ئەمشەو ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولی توانستى زمانى ئینگلیزى ئاشكرا دەكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی نیسان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاندووە، “ئەمشەو كاتژمێر 8ی بەكاتی هەرێم، ئەنجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕادەگەیەنین”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “خوێندکاران و قوتابیانى خوێندنی باڵا و خوازیاران دەتوانن سەردانى وێبسایتى سێنتەرەکانى زمان و وێب سایتى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان”.
خوێندنی باڵا ئاشكرایكردووە، “ژمارەی بەشداربووان بۆ سەرجەم ئاستەکان لە سێنتەرەکان هەزار و 200 بەشداربووە، دواى دەرچوونى ئەنجامەکان بۆ ماوەى 72 كاتژمێر کاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەلپ گرتن لە ئەنجامەکانیان تا کۆتایى دەوامى فەرمى ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى 7ی نیسان، ئەویش لە ڕێگەی ئیمەیلی تایبەت بە سێنتەرەکان کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دادەنرێت”.