ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لانیكەم شەش بەندكراوی كورد لەسێدارەدراون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی لانیکەم شەش بەندکراوی کورد کە دوو کەسیان برا بوون و سەرجەمیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان سزاكەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.
ڕێكخراوەكە ناسنامەی بەندكراوەكانی بڵاوكردووەتەوە:
1- ئەحەد حەبیب وەند خەڵکی ئورمیە
2- مستەفا نەسیرخا خەڵکی سەڵماس
3- ئیبراهیم نەسیرخا خەڵکی سەڵماس (برای مستەفا)
4- محەمەد کەریم محمودی خەڵکی شنۆ
5- سادق مەهمی خەڵکی ئورمیە
6- میرسولتان ئەمیری خەڵکی شنۆ
ئەم شەش کەسە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بنەماڵەکانیان دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دابوون، وەك ئەوەی ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژەی پێداوە.