ڕێواز فایەق: خەڵك باش دەزانن دابینكردنی موچە ئەركی پەرلەمانی كوردستان نییە

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باس لە ڕوداوەكانی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمان دەكات و دەشڵێت، خەڵكی هەرێمی كوردستان باش دەزانن دابینكردنی موچە لە ئەستۆی ئەواندا نییە.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا تیشكی خستەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان و ڕوداوی هەڵدانی پێڵاو لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و وتی، ئەم ڕوداوانە لە پەرلەمانی وڵاتاندا ڕودەدات، بەڵام ڕوداوەكە لە هەستی پەرلەمانتارەوە دەردەچێت، نەك ئەوەی لە دەرەوە ئاراستە بكرێت.

وتیشی، ئەگەر ئارامی و دڵ گەورەیی و سەبری ئێمە نەبێت “ڕەنگە بەڕێوبردنی ئەم خولەی پەرلەمان ئەركێكی زۆر گران بێت”.

ڕێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوەی پەیوەندی بە موچە و لێبڕینی موچەوە هەیە هەستدەكەم بووەتە بابەتی موزایەدە، دەنا خەڵكی هەرێمی كوردستان باش دەزانێت كە موچە لە پەرلەمانی كوردستان نییە، خەڵك باش دەزانێت كە ئەركی دابینكردنی موچە ئەركی پەرلەمانی كوردستان نییە”.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوپاتیشیكردەوە، خەڵك زۆر هۆشیارترە لەوەی كە تێنەگات لەوەی موچە لە كوێیە، پارە لە كوێیە، ئابوری لە كوێیە و كێ ڕۆڵی هەیە لە ڕەسمكردنی ئابوریدا؟ و ئەو بابەتە لە پەرلەمان نییە.

دەربارەی لێدوانی هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراكسیۆنی سەوزیش لەناو هۆڵی پەرلەماندا، ڕێواز فایەق وتی، “ئەو پەرلەمانتار هەڵەی بەرامبەر ژنان بە گشتی و ئەوانەی لەو هۆڵەدا بە منیشەوە كردووە”، دڵنیایی ئەوەشیدا كە “ئەو وتانە نە ڕوانگەی یەكێتی، نە ڕوانگەی سەركردایەتی یەكێتی و، نە جەنابی سەرۆك مام جەلال ئێمەی وا پەروەردە كردووە و، نە ڕوانگەی فراكسیۆنەكەشیەتی، پێموایە شتێكی شەخسییە و ڕەنگە بتوانێت ڕونكردنەوە بدات، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدابوو ئەوەبوو كە وتەكانی لە پرۆتۆكۆڵ بسڕینەوە”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: ڕێككەوتنێكی گشتی هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا

بابەتی دواتر

دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران كێشەی تێكەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share