نێچیرڤان بارزانی: عێراق مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ هەرێمدا ناكات

نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا كرد، ئاشكراشیكرد، “چۆنیەتی مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێم تەندروست نییە لە بابەتی بودجەدا”.

لەبارەی سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پاریس ڕایگەیاند، “كۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، فەڕەنسا دەورێكی گەورەی هەیە لە بابەتی پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و هاوكاری مرۆیی”.

سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “لە كۆبوونەوەكەماندا دیسانەوە باس لە پشتگیریی بەردەوامیی سەرۆك ماكرۆن كرا بۆ هەرێم و عێراق، پیرۆزبایی لە سەركەوتنی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكانیش كرد بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان”.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، “ماكرۆن جەختی كردەوە كە ئامادەیە هەموو هەوڵێك بدات بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، كۆك بووین لەسەر ئەوەی داعش هێشتا هەڕەشەیەكی جدییە لە ناوچەكە و تاووتوێی دۆسییەی سوریاشمان كرد، هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دراوسێكانیدا بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوەی ئێمە بوو لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن”.

لە بەشێكی كۆنگرەكەدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق كرد و ئاماژەی بەوەكرد، “كێشەیەكی جەوهەری هەیە لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداد، كێشەكە لەوەدایە ئەو شێوەی بەغداد مامەڵەی لەگەڵ هەرێم پێ دەكات مامەڵەیەكی سیستمی فیدڕاڵی نییە”.

ئەوەشی وت، “چۆنیەتی مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێم تەندروست نییە لەبارەی بودجەوە”.

“جێگری سەرۆكی حكومەت و شاندەكەی حكومەت زۆر ماندوو بوون بەو پرسەوە، ئێستا گەیشتوونەتە سیغەیەك بۆ چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو بابەتە، هیوادارین ناوەڕۆكی ئەو دەقە جێبەجێ بكرێت”، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

ئاشكراشیكرد، “بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدرا لە تێپەڕاندنی بودجە خەتاكە هەرێم، بەڵام ئێستا دەركەوتووە هەرێم بەرپرس نییە لەو دواكەوتنی تێپەڕاندنی بودجە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، “پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوە بووە، هەرێم ببێتە فاكتەرێكی سەقامگیر و ئاشتی لە ناوچەكە، لە گەڵ سەرۆك ماكرۆنیش، گفتوگۆمان لەسەر ئەوە بووە هەرێم بەردەوام بێت لە بوونی وەك فاكتەرێكی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە هەموو ناوچەكە چ سوریا و عێراق و ناوچەكانی دیكە”.

بابەتی پێشتر

مانچستەر سیتی دوو ئەستێرە ناودارەکەی دەبەستێتەوە

بابەتی دواتر

لامپارد لە دەرگای ئینگلتەراوە دەگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share