ڕێواس فایەق: لەبەر كێشە ناوخۆییەكان و ململانێی لایەنەكان خاوەنی دەستووری خۆمان نیین

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆیان گرنگە لەم خوولەی پەرلەمان ژمارەیەك یاسا دەربكەن و لەبارەی بودجەشەوە ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێم تا ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار، ڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “بۆمان گرنگە هەندێك یاسا لەم خوولەی پەرلەماندا دەربكەین، چونكە پەرلەمان بە ژمارەی دەركردنی یاساكان هەڵدەسەنگێندرێت”.

سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، “بڕیاربوو حكومەت لە ناوەڕاستی مانگی سێدا پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام نەیناردووە، چاوەڕوانی حكومەت دەكەین بۆ ئەو مەبەستە”.

ڕێواس فایەق ئەوەشی وت، “هەست ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە، بەڕاستی نادەستوری و نایاساییە كە بەبێ بودجە پارە خەرج بكرێت، هەرێمی كوردستان لە خراپترین قۆناغەكانی خۆیدا بودجەی هەبووە ناكرێت ئێستا نەیبێت”.

سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرایكرد، “حكومەتی هەرێم پێشتر پێی وتین، دوو پرۆژەیاسا بۆ بودجە ئامادە دەكەن، یەكیان لە ئەگەری ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد و ئەوی دیكەشیان بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، ئێمەش وەك پەرلەمان لەگەڵ ڕێككەوتنداین”.

لەبارەی دەستووری هەرێمی كوردستان، ڕێواس فایەق وتی، “دەستوور پیویستی بە كۆدەنگی سیاسییە و بوونی پەیوەندییەكی تەندروست و متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی دەوێت، بەڵام ئەوەی بوونی نییە لەنێوان هێزەكانی ناو دەسەڵات لەگەڵ خۆیاندا و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنیشدا”.

سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، “بەلامانەوە دەستوور گرنگە، لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لەم خوولەی پەرلەماندا ئامادە بكرێت بۆ دەنگدان لەسەری”.

“لەبەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان و ڕێكنەكەوتن و ململانێی لایەنە سیاییەكان خاوەنی دەستووی خۆمان نیین”، ڕێواس فایەق وای وت.

بابەتی پێشتر

دورگەیەكی ئێران بۆ ماوەی 25 ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی چیندا دەبێت

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، چوارشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share