ئیمۆبێلی: بۆ هەتا هەتایە لە لازیۆ دەبم و باڵادەستی مێسی و کریستیانۆم نەهێشت

چیرۆ ئیمۆبێلی هێرشبەری ئیتاڵی یانەی لازیۆ، لە کۆتایی وەرزدا توانی خەڵاتی گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەورووپا “گۆڵدن فووت” بەدەستبهێنێت و لە چنگی لیۆ مێسی و کریستیانۆ و لیڤاندۆڤیسکی دەربکات.

هێرشبەرە ئیتاڵییەکە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی کۆرێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئەنجامدەدات، تیایدا ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە خودی خۆی و یانەکەی دەکات.


خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتونیت بەدەستهێنا، لەبارەی ئەم دەستکەوتەوە چیمان پێدەڵێیت؟

هەستێکی شێتانەم هەبوو بە تێپەڕاندنی ڕۆناڵدۆ و لیڤاندۆڤیسکی، دەستکەوتێکی گەورەیە، کاتێک سەیری لیستی ئەو یاریزانانە دەکەم کە خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە، باوەڕ ناکەم ناوم لەگەڵ ناوی لیۆ مێسی و کریستیانۆ و سوارێز نوسراوە، شانازی پێوەدەکەم و زۆریش خۆشحاڵم.

لەکۆتاییدا یاریزانێکی کالچیۆ توانی بگەڕێتەوە نێو لیستی گۆڵکارانی ئەورووپا، ماوەیەکی دوورودرێژە دوورن لەم خەڵاتە، وایە؟

باڵادەستیانم شکاند، توانیم دووانەی مێسی و کریستیانۆ لە خەڵاتەکە داببڕێنم، کە ماوەی (12) ساڵە هاوشانی دیێگۆ فۆرلان و لویس سوارێز کۆنتڕۆڵی خەڵاتە تاکە کەسییەکەیان کردووە، سوپاسی هەمووانم کرد لە یانەی لازیۆ، ئەوە کەمترین وەفایە بەرانبەر ئەو دەستکەوتەی لەم وەرزەدا پێشکەشیانکردم.

ڕەنگە پەشیمانبیت هەندێک لە پەناڵتییەکانت بەخشیوە بە هاوڕێکانت، چونکە بە یەک گۆڵی دیکە بۆ هەتا هەتایە دەچوویتە مێژووەوە و بە باشترین گۆڵکاری مێژووی کالچیۆ دەناسێنرایت؟

هەرگیز پەشیمان نیم، ئەوەی دەبوو بکرێت کردوومە، ئەگەر بەو شێوەیە مامەڵەم نەکردایە هەرگیز نەمدەتوانی بگەمە ئەو ڕێژە گۆڵە زۆرە، لە یانەکەمان هاوسەنگی پەیڕەودەکرێت، ناکرێت دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرم، چونکە من تاکە هێرشبەری لازیۆ نیم، تۆپی پێ یارییەکی بەکۆمەڵە و جێگەی خۆپەرستی تێدانابێتەوە.

دوور لە خەڵاتەکەت، لەم وەرزەدا چانسێکتان بۆ هەڵکەوت جامی سکۆدیتۆ بەرزبکەنەوە، ڕەنگە ئەو چانسە هەرگیز درووستنەبێتەوە؟

باش ئەو ڕاستییە دەزانین، پێش کەرەنتین بە خاڵێک لەدوای یوڤانتۆس بووین، لەڕووی دەروونییەوە بەسەر هەموواندا زاڵبووین، بەر لەوەی بچینە یاریگاوە براوەبووین، بەڵام بەداخەوە ڕاگرتنی چالاکییەکانی کالچیۆ زیانی زۆری پێگەیاندین.

شکستی دوای کەرەنتین بەتایبەت لە یاریی ئاتالانتاوە دەستی پێکرد کاتێک بە ئەنجامی (3-2) دۆڕاندنتان تۆمارکرد، دوای یارییەکە گاسپرینی ڕاهێنەری یانەی ڕکابەر ڕەخنەی زۆری ئاڕاستەکردی..

ئەوە یەکەم ئەڵقەبوو لە زنجیرەی کشانەوەمان لە نازناوی سکۆدیتۆ، دوورکەوتنەوەی یاریزانان لە خێزانەکانیان کاریگەری لەسەریان دروستکردبوو، لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووینەوە، گاسپرینی بە ناهەق ڕەخنەبارانی کردین، باشتربوو بیر لە تێپەڕاندنی یانەی یوڤانتۆس بکاتەوە نەک ئێمە.

دەڵێن هەنگاوێکت ماوە بۆ واژووکردنی بۆندی نوێ؟

چاوەڕوانی پەیوەندی ئیدارەی لازیۆ دەکەم، لە پلانمدایە بۆ هەتا هەتایە لێرە بەردەوامبم، بۆ ماوەی سێ وەرز تا هاوینی 2025 بۆندەکەم نوێدەکەمەوە و ئەوکات تەمەنم دەبێتە (35)، ئەوەش تەمەنێکی گونجاوە بۆ وازهێنان.

زۆریان باس لەوە کردووە گوایە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەی وەک ناپۆلی، یان خولی ئینگلیزییەوە دەکەیت، ڕاستە؟

لە ناپۆلی لەدایکبووم و هەمیشە بە سۆزەوە بیر لەو شارە و یانەکەی دەکەمەوە، هەر بەو شێوەیەش دەمێنمەوە، بەر لەوەی پەیوەندی بە لازیۆوە بکەم لەگەڵ ناپۆلی قسەمکرد، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دانوستاندنەکان ڕاگیران، لەبارەی خولی ئینگلیزشەوە، ئەلیساندرۆ موجی لێپرسراوی کارەکانم لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ گفتوگۆی کردووە، ئەوکاتەی نزیکبوو سعودییەکان یانەکە بکڕنەوە، بەڵام ئەو چانسەیان لەدەستدا و هەموو شتێک کۆتایی پێهات، تەنانەت باسیان لەوە دەکرد ڕاهێنەرێکی ئیتاڵی لەنمونەی ئالێگری یان سپالێتی دەکڕن.

نزیکە لازیۆ یاریزانێکی گەورە بکڕێت ئەویش داڤید سیلڤایە، لێکدانەوەت چییە؟

سیلڤا بەجدی یاریزانێکی نایابە، ناتوانم لەوە زیاتر چاوەڕێی بکەم، دەمەوێت پەیوەندیمان پێوەبکات و لەگەڵیدا یاریبکەم، بەر لەوەی یاریزانی لازیۆ بم، عاشقی یانەکەم و حەزدەکەم هەموو شتێكی باشی بۆ بکرێت.

لە کۆتاییدا سیمۆنی ئینزاگی یەکێکبوو لە هۆکارەکان بۆ بوونت بە گۆڵکاری ئەورووپا و گەیشتنەوە بە خولی یانە پاڵەوانەکان، لەبارەی ڕاهێنەرەکەتەوە چیت هەیە پێمان بڵێیت؟

ئینزاگی بەهەمان شێوە لە بوارەکەی خۆیدا بەرەوپێشچووە، هیچ وردەکارییەک جێناهێڵێت مەگەر کاری لەسەر نەکات، دڵنیاییەکی زۆری هەیە بەرانبەر بۆچوون و پلانەکانی، پێموایە کارێکی گەورەتری دەکرد، بەڵام بەداخەوە ڕاگرتنی چالاکییەکان گەورەترین زیانی پێگەیاندین.

بابەتی پێشتر

بارتومیۆ: کومان پێی وتین مێسی کۆڵەکەی پڕۆژە نوێیەکەم دەبێت لە بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

مۆدریچ: ڕیاڵ کوالیتی بەرزە و دەبێت هازارد بە لەسەدا سەدی تواناکانیەوە بگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share