بارتومیۆ: کومان پێی وتین مێسی کۆڵەکەی پڕۆژە نوێیەکەم دەبێت لە بەرشلۆنە

سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، جوسێپ ماریا بارتومیۆ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فەرمی ئازولگرانا ئەنجامدا و تیایدا تەواوی بابەتە گەرمەکانی خستەبەر باس.

سەرۆکی ناوبراو لە وەڵامەکانیدا دووپاتیکردەوە، مێسی لە بەرشلۆنە بەردەوام دەبێت و لەهەمان کاتدا چەندین گۆرانکاری لەسەر ئاستی وەرزشیی و هونەری بەڕێوەن و فرۆشتن و کڕینی یاریزانیشی خستە ئەستۆی ڕۆناڵد کومان کە بڕیارە جێگەی کیکی سیتیێن بگرێتەوە.

کۆتا ساتەکان

“دڵەراوکێمان بوو و لەهەمان کاتدا سەرقاڵبووین بە بڕیار و ڕێکارەکانەوە، بیرمان دەکردەوە چۆن بارودۆخی وەرزشیی یانەکەکەمان لە خراپەوە بۆ باش پێچەوانە بکەینەوە”

ماڵئاوایی ئەبیدال

“ئەبیدال پێی ڕاگەیاندین کە دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، بڕیارەکەی تایبەتی بوو، هەمیشە هاوکارمان بووە و ڕێزی بۆچوون و بڕیارەکانی دەگرین”

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 15ی ئازار

“بڕیارەکە لەدەستی ئەنجومەنی کارگێڕیدایە، خواستمان لەسەر دەستلەکارکێشانەوە نییە، چونکە لە ماوەی پێنج هەفتەی داهاتوو لالیگا دەستپێدەکاتەوە و پلانمان داڕشتووە و بەرچاوڕوونین، هەروەها بارودۆخی دارایی یانەکەش زۆر گرنگە، پێویستە میزانیەی وەرز دابخەین و دەستلەکارکێشانەوە لەم کاتەدا نابەرپرسیاریەتی ئێمە دەردەخات، هەڵبژاردنی لە 15ی ئازار دەرفەتمان پێدەدات بەشێوەیەکی ئاسان لەکاتی گونجاودا دەستاودەستی دەسەڵات بکەین، لەو کاتەدا ئاسانترین بڕیار دەستبەردابوونە لە پۆستەکەم”

نوێکردنەوەی پێکهاتە

“دووچاری قەیرانی وەرزشیی بووین، قەیرانەکە لە شێوازی یاریکردنی یانە نییە، ئەنجامی خولی یانە پاڵەوانەکان زۆر نێگەتیڤ بوو، گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ بونیادنانەوەی پێکهاتە و هاتنی یاریزانە نوێیەکان چی دەکەین، یانەکەمان لەڕووی داراییەوە کێشەی نییە، بەڵکو قەیرانەکە وەرزشییە”

پەتای کۆرۆنا

“بارودۆخێکی تایبەتە، کاردانەوەی لەسەر وەرزی داهاتوو دەبێت، پلانێکی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ چاودێریکردنی داهات و بڕی بەکارخراو، پێویستە یانەی بەرشلۆنە لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنین و لەڕووی وەرزشییەوە چەندین بڕیاری گرنگ بدەین”

ڤاڵڤێردی

“دوای یارییەکەی لیڤەرپوڵ بەرپرسیاریەتی ئێمە بوو لەگەڵ بەڕێوەبەران و یاریزانان گفتوگۆبکەین، پێمان وابوو دۆخەکە پێویست بە گۆڕانکاری و جوڵاندنی خوێنی نوێ لە یانەکە ناکات، دەرفەتێکی دیکەمان بە ستافی هونەری و یاریزاناندا، بەڵام ئێستا هەمووان هاوڕاین کە کاتی گۆڕانکاری هاتووە”

کومان

“ئەگەر هیچ لادانێک ڕوونەدات، دەبێتە ڕاهێنەری داهاتووی یانەی بەرشلۆنە، شارەزای فەلسەفەی و شێوازی یاریکردنمانە، یەکەم کاری کە ئەنجامیدەدات قسەکردنە لەگەڵ کاپتنەکانی پێکهاتەی بارسا”

متمانەدان بە سیتیێن

“مانگی دیسێمبەری ڕابردوو لەگەڵ چەندین ڕاهێنەر دانوستاندنمان کرد، لەو کاتەدا وەک یانە ئەو زانیارییانەمان ڕەتکردەوە، بەڵام دەکرێت ڕوونکردنەوەتان پێبدەم، کومان پێی ڕاگەیاندین بۆ پاڵەوانیەتی یورۆ بەرپرسیاریەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندای لەسەر شانە، یەکەم ڕاهێنەربوو پەیوەندیمان پێوەکرد، ئێستا و ئەوکاتەش ڕاهێنانی بەرشلۆنە خەونی کومان بووە”

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانە

“هیچ کەسێک لە ئیدارەی ئێستای بارسا بیریان لەوە نەکردووەتەوە خۆیان کاندید بکەن، کاتێک بانگەشەی هەڵبژاردنەکانمان دەستپێکرد، هەمووان بە سەربەستی دەتوانن کاری خۆیان بکەن و خۆیان کاندید بکەن، سەرنجی زۆرمان لەسەر ئەرکە کارگێڕییەکانە ڕۆژ لەدووای ڕۆژ، دۆخەکە وا دەخوازێت”

ڕەخنە ناوخۆییەکان

“بەرپرسیاریەتی شکستەکان لە ئەستۆی هەمووانە، بەڵام یەکەم بەرپرسی قەیرانەکان منم، چونکە من بڕیار دەدەم، هەمووان بەرپرسیارین لە ئەنجامی یارییەکەی لشبۆنە”

پێگەی یاریزانان لە ژووری جلگۆڕینەکان

“یاریزانان گرنگترین پارچەی یانەکەمانن، ئێمە باس لە نەوەیەک دەکەین بەبێ وەستان نازناوەکانی چنیوەتەوە، دەمەوێت ستایشی هەموو ئەو یاریزانانە بکەم کە بەشداربوون لە گەیاندنی یانەکەمان بەپێگەی باشترینی جیهان”

گۆڕانکاری گەورە

“بەپێی پێویستی گۆڕانکاری گەورە و قوڵ لەڕووی ستراتیجەوە دەکەین، پڕۆژەمان دەبێت لەهەموو وەرزێکدا بۆ چنینەوەی نازناوەکان، ئەوە ئامانجمانە و پەرۆشین بۆ دەستپێکی پڕۆژەی نوێ، لەدوای شکستی ئانفێڵد دەبوو ئەوکارە بکەین، گۆڕانکارییەکان تەنها لە پێکهاتەی یاریزاناندا نابێت، بەڵکو زۆر قوڵدەبێت و زۆرینەی بوارەکان دەگرێتەوە”

ئارسەر

“نامەوێت لەبارەیەوە قسە بکەم، چونکە یاریزانی یانەیەکی دیکەیە، هەر یاریزانێک بەرپرسە لە بڕیارەکانی خۆی”

کۆتینیۆ

“بڕیار لەدەستی ستافی هونەری نوێدایە، ئەگەر خواستیان لەسەر بەردەوامبوونی بێت وەرزی داهاتوو لەگەڵماندا یاریدەکات”

مێسی دەڕوات؟

“مێسی دەیەوێت لە بەرشلۆنە کۆتایی بە ژیانی وەرزشی بهێنێت، کومان پێی وایە لیۆ کۆڵەکەی پڕۆژەی داهاتووە، تا 2021 بۆندی لەگەڵماندا واژووکردووە، بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵ دەکەم و دەزانێت یانەکەمان ڕاهێنەر و پڕۆژەیەکی نوێی دەستپێکردووە، هەمووان هەست بە بێزاری دەکەین، بەڵام ئەوەی لە داهاتوو ڕوودەدات پاڵپێوەنەرێکی بەهێز دەبێت”

گفتوگۆکردن لەگەڵ لیۆ

“باوکی پێی راگەیاندم کە یاریزانەکە تووشی بێهیوابوون بووە، ئەوە ڕاستە، بەڵام لە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتووەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چی ڕوودەدات، کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەماندا بکەین”

گواستنەوەی یاریزانان

“لەگەڵ ئەو یاریزانانە وتووێژ دەکەین کە پێویستمان پێیان نییە، ئەوان زۆریان پێشکەشی یانەکەمان کردووە، 12 ساڵە یانەکەمانیان لەسەرکەوتنیان هێشتووەتەوە و ئەفسانەیین، بە شانازی و شەرەفەوە بەجێماندەهێڵن، کاتی ماڵئاواییکردنی هەندێکیان هاتووە”

نێیمار

“زۆرمان هەوڵ بۆ نێیمار دا، بەڵام یانەکەی دەستبەرداری نابێت و لە لیستی یاریزانە فرۆشراوەکاندا نییە، ئەوەش ئاساییە، وەک ئێمە کە نامانەوێت ئانسو فاتی بفرۆشین”

لاوتارۆ مارتینێز

“چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دانوستاندنەکانمان لەبارەی لاوتارۆوە ڕاگرت، چاوەڕێدەکەین تاوەکو بزانین سکرتێری تەکنیکی بە چ شێوەیەک لەگەڵ ڕاهێنەری نوێ پلان دادەرێژێت”

کێشە داراییەکان

“کێشەی بەرشلۆنە لە موچەی یاریزاناندایە، کاردانەوەکانی قەیرانی کۆرنا لەسەر یانەکەمان لە وەرزی داهاتوو بەراورد ئەم وەرزە بەهێزتر دەبێت و دەگاتە سنووری 320 ملیۆن یورۆ، ڕێژەی موچەکان لەسەر سنووری کۆتایی داهاتی یانە وەستاوە و زیانەکان کاریگەرییان دەبێت، بۆیە ناچارین لە ڕێگەی فرۆشتنی هەندێک لە یاریزانانەوە سەقفی موچە کەمبکەینەوە، سەرەڕای ئەوەش چەند یاریزانێکمان لە نمونەی ترینکاو و پێدری و پیانیچ دابینکردووە”

ئامادەکاری جەستەیی

“یانەیەک بەو شێوەیە یاریدەکات کە ڕاهێنانی پێدەکرێت، من ناڵێم بەشێوەیەکی خراپ ڕاهێنانمان کردووە، بەڵام پێویستە دووبارە بگەڕێینەوە، نەک بەتەنها لە ڕووی ئامادەکارییە جەستەییەکانەوە، بەڵکو لەڕووی دەروونییەوە بەهەمان شێوە، کومان لەم بوارەدا ئەزمونێکی باشی هەیە”

نوێکردنەوەی بۆندی تێر شتیگن

“گەشبینم، شتیگن پڕۆفیشناڵی گەورەیە و کەسێکی ناوازەیە، هیچ گومانێکم نییە لە بەرشلۆنە بەردەوام دەبێت، چەندین ساڵی لەبەردەمدایە و متمانەمان بەتواناکانیەتی”

خوێندنەوەی کۆتایی

پێویستە پڕۆسەی یانە باشتر بکەین، تۆپی پێ لە ئێستادا زیاتر جەستەییە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە بەهرە و بیرۆکەی نمونەییە لەبارەی ئەو تۆپی پێیەی دەمانەوێت پێشکەشی بکەین، لەگەڵ ئەوەدا دەبێت گرنگی بە چەندین بابەتی دیکە بدەین، لاماسیا بنەمایەک دەبێت بۆ یانەکەمان”

ئەو یاریزانانەی هێڵی سوورن

“لیۆ مێسی ئەفسانەی یانەکەمانە، هەروەها چەند یاریزانێکی بەهرەدار و لاوی دیکە بوونیان هەیە بەهەمان شێوە بۆ فرۆشتن نین، لە نمونەی تێر شتیگن و سیمیدۆ و کلیمۆنت لانگلێت و دی یۆنگ و دیمبیلی و گریزمان”

بابەتی پێشتر

لویس فیگۆ: بەرشلۆنەم بەجێهێشت لەبەرئەوەی ڕێزیان نەگرتم

بابەتی دواتر

ئیمۆبێلی: بۆ هەتا هەتایە لە لازیۆ دەبم و باڵادەستی مێسی و کریستیانۆم نەهێشت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share