زانكۆی سلێمانی دەوامی خوێندكاران ڕادەگرێت

دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕەچاوكردنی ڕێكارەكان درێژەی دەبێت

زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پشتبەست بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەوامی خوێندكاران ڕادەگرێت و دەشڵێت، دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕەچاوكردنی ڕێكارەكان درێژەی دەبێت.

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئازار ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی ھەرێمی كوردستان و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و ڕێگرتن لە زیادبوونی ژمارەی توشبووان و، پشتبەست بە بەیانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆكەمان ئەم زانیارییانەی خوارەوە ڕادەگەیەنین:

1. خوێندنی وانەكان لە ناو كەمپەس بۆ سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆی سلێمانی لە سبەینێ 31ی ئازار ڕادەگیرێت تاوەكو 10ی نیسان، لە بەرامبەردا كۆلێجەكان درێژە بە خوێندنەكەیان دەدەن لەو ماوەدا بەشێوازی ئەلكترۆنی یان ئۆنلاین.
2. تەواوی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی دادەخرێن تا ڕێكەوتی 10ی نیسان.
3. ھەر كۆلێجێك ھەردوو ڕۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە تاقیكردنەوەیەكی پێشتریان ماوە، دەتوانن درێژە بە تاقیكردنەوەكانیان بدەن لە چوارچێوەی پابەندبوونی تەواو بە ڕێكارە تەندروستیەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
4. سەبارەت بە خوێندكارانی پرۆسەی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) خوێندنیان بەردەوام دەبێت وەك پێشتر بەشێوەی ئاوێتە، لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی.
5. ھەموو ئاھەنگ و كۆبوونەوە و وێنەگرتنی دەرچووانی خوێندكاران لەناو كەمپەكانی زانكۆ یان بەسەرپەرشتی كۆلێجەكان ڕێگەپێدراو نیە.
6. كافتریا و چێشتخانەكانی زانكۆ بە داخراوی دەمێننەوە.
7. سەبارەت بە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەرۆكایەتی و كۆلێجەكان و بەرێوەبەرایەتیەكاندا لەپێناو بەڕێكردنی كاروبارەكانی زانكۆدا دەوامی فەرمی درێژەی دەبێت لە ڕۆژانی (یەكشەممە تا چوارشەممە) بەڕەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران لە شوێنی كارەكانیان تاوەكو كەمترین بەریەككەوتن ھەبێت.

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ڕونیشیكردوەتەوە ئەو بڕیارانە تا 10ی نیسانی داهاتوو كاریان پێدەكرێت و دواتر بڕیاری نوێیان لەبارەوە دەدرێت.

بابەتی پێشتر

وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاریكرا

بابەتی دواتر

ئەندامی گەورە باندێكی مافیای ئیتاڵی لەڕێی چێشتلێنانەوە ئاشكرادەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share