هەڕەشەی تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە دەنگی زۆرینە دەكرێت

پەرلەمانتارێك: پڕۆژەی بودجە بە زۆرینە تێدەپەڕێنین و ڕێگە بە گۆڕینی تەنها پیتێكی نادەین

ئاستەنگەكانی بەردەم تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە و ئەندامێكی لیژنەی دارایش هەڕەشەی دەنگدان بە زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی دەكات.

تائێستا ئاستەنگەكانی بەردەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەردەوامە.

سەرەڕای ئەوەی كۆبوونەوە و دیداری نێوان لایەنە ناكۆكەكان درێژەیان هەیە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتن سەبارەت بەو خاڵ و مادانەی ناكۆكی لایەن و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی لەسەرە ڕێگربووە لە كردنەوەی گرێی بەردەم پرۆژەكە.

ئەگەرچی خواست لە ئەنجومەنی نوێنەران سازان و ڕێككەوتنی سەرجەم لایەنەكانە، بەڵام بەهۆی دواخستنیەوە ئەگەری تێپەڕاندنی بە دەنگی زۆرینە هاتووەتە ئاراوە.

ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لایەنەكانی نێو پەرلەمان چەند جۆرێكن، هەیانە بەتەواوی پرۆژەی بودجە ڕەتدەكاتەوە و لە تێڕوانینی سیاسییەوە ئامانجی ئەوەیە پرۆژەكە تێنەپەڕێت، ئەوانە لەنێو پەرلەمان بوونیان هەیە و ناسراون.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئەوەشی وت، “هەندێك لایەن دەیانەوێت هەندێك مادە بۆ پرۆژەی بودجە زیادبكەن، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەردراوە و ڕادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، ئەمەش قبوڵكراونییە و ڕێگەی پێنادەین، لەكاتێكدا ئەو لایەنانە نوێنەریان لە لیژنەی دارایی هەیە و سێ مانگە لەگەڵ لیژنەدان و بەشداری كۆبوونەوەكان دەكەن و ڕەزامەندییان لەسەر مادەكانی داوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم ماوەیە ماوەی گفتوگۆیە لەسەر بودجە، دوای ئەوە پڕۆژەی بودجە بە زۆرینە تێدەپەڕێنین و ڕێگە بە گۆڕینی تەنها پیتێكی نادەین” باسی لەوەشكرد، “نرخی بەرمیلێك نەوت لە پڕۆژەكەدا دەگۆڕدرێت بۆ 46 دۆلار لەپێناو ڕەتكردنەوەی قەرزی دەرەكی”.

دوێنێ شیروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی وتی، “ناكۆكی نوێ هاتوونەتە پێش بودجە، هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی هۆكاری ئەوە بوون كە دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەڕێوەنەچێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی داواكاری نوێیان پیشكەشكردووە، بۆ دووبارە دیاریكردنەوەی نرخی دۆلار، ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە نەكراوە”.

لای خۆیەوە، محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕایگەیاند، “ڕەنگە بەر لە كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت”.

هەر دوێنێ عەباس سروت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی (عراقیون) ئاماژەی بەوەكرد، “گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە پشتدەبەستێت بە هاتنەدی ڕێككەوتنی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “ناكۆكییەكان لەسەر هەندێك لە بڕگە و مادەكانی پرۆژەی بودجە تائێستا بەردەوامە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێم و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و قەرزە دەرەكییەكان و چەند بڕگەیەكی دیكەوە هەیە”.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە لەسەر پێویستی دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ئەو بڕگانەی ناوەرۆكەكەی كە چارەسەری پێداویستییەكانی توێژە زۆرتر هەژارەكان دەكات و، پشتیوانی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە دەكات كە پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.

دەربارەی كەمكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاریش كە پێشمەرجی هەندێك لە فراكسیۆنەكانە بۆ دەنگدان بە بودجە كازمی ئەوەی خستەڕوو، “هیوادارین دووربكەونەوە لە موزایەدە لە پرسی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاردا، بڕیارەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەپێی تێڕوان و ستراتیژی ئامانجدار دراوە، لەئێستاشدا هەستمان بە ئەنجامەكەی كردووە لەسەر ئاستی گەشەی یەدەگی نەختینە و ڕیزبەندی پەرەپێدانی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”.

بابەتی پێشتر

یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر داواکاریی داخستنی هەدەپە ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: كێشەی موچەی پێشمەرگە چارەسەركراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share