یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر داواکاریی داخستنی هەدەپە ئەنجامدەدرێت

دادگای دەستوریی توركیا

بڕیارە سبەی دادگای دەستوریی توركیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە ئەنجامبدات.

ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی دادگاییەكە تەواوبوون و نوسەری دادگا کە ئەرکی خوێندنەوەی دۆسیەکەی پێبەخشراوە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆسیەکە ئامادەكردووە و پێشکەش بە دەستەی دادگای دەستوریی کردووە.

دوای ئەو هەنگاوەش بڕیارە سبەی چوارشەممە 31ی ئازار دادگای دەستوریی توركیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام بدات بۆ بڕیاردان لەسەر قبوڵکردن یان قبوڵ نەکردنی سکاڵانامەکە.

ئاژانسی ئانادۆڵو-ی توركی بڵاویكردوەتەوە، ئەگەر سکاڵاکە پەسەندبکرێت ئەوا بۆ بەرگری لەخۆکردن، دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ هەدەپە و پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاریدەکات، بەرگری لەخۆکردن ئەنجامبدات.

دوای یەکەم بەرگری لەخۆکردنی هەدەپە، بەکر شاهین، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵای ئەنقەرە، کە سکاڵانامەکەی ئامادەکردووە، تێڕوانینە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.

دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغانە نوسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و لەبارەیەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات. دواتر ڕاپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستوریی و سەرۆکی دادگاکە ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستوریی ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.

داخستن یاخود بڕینی بەشە بودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری 10 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستوریی هەیە. دواتر بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیەندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.

ئەحمەد داود ئۆغلو دژی قەدەغەكردنی هەدەپەیە لە توركیا

هەدەپە كە سێیەم گەورە پارتە لە توركیا ساڵانێكە لەبەردەم فشاری دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەدایە و بەهۆیەوە تائێستا دەیان پەرلەمانتار و سەركردەی حزبەكە دەستبەسەركراون.

هەفتەی ڕابردوو سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە وەڵامێكی نوسراودا بۆ ژمارەیەك پرسیاری ئاژانسی (فڕانس پرێس) وتی، هۆكاری سەرەكی كە وایانلێدەكات هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە بدەن، ڕەخساندنی بوارە بۆ بردنەوەی (هاوپەیمانی گەل) لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كە بڕیارە لە 2023 ئەنجامبدرێت.

دەمیرتاش لە بەندینخانەكەیەوە لە ئەدرنە لە باكووری ڕۆژئاوای توركیا وتیشی، “تەنها ئەم هۆكارە بەسە بۆ ئەوەی دۆسیە بەرزكراوەكەی دژ بە پارتی دیموكراتی گەلان نایاسایی و ناشەرعی بێت”.

(هاوپەیمانی گەل) هەریەك لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی-ی هاوبەشی لەخۆدەگرێت، كە بەپێی ڕاپرسییەكان ئاستی جەماوەریی لە دابەزیندایە.

دەمیرتاش هیوای ئەوەشی خواست “دادگای دەستوری شەرعیەت بەو هەڵسوكەوتە ناعەقلانییە نەدات و دۆسیەكە ڕەتبكاتەوە”.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان

پێشتر هاوپەیمانی ڕۆژئاواییەكانی توركیا هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەیان ئیدانەكرد، هەروەك ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، هەوڵی لەوجۆرە زیان بە دیموكراسیەت لە توركیا دەگەیەنێت و یەكێتی ئەوروپاش بە “پێشێلكردنی مافی ملیۆنان دەنگدەر” ناویبرد.

پێشتر توركیا چەندین پارتی لایەنگری پرسەكانی كوردی بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە پارتی كرێكارانی كوردستان قەدەغەكردووە.

لای خۆیەوە دەمیرتاش تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە و وتی، “ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگاماندا دادەنرێن هەرچۆنێك بن، سیاسەتمان بەرەو پێشكەوتن بەردەوام دەبێت. لە تەنها پرسێكدا دڵنیاین كە ئەویش ئەوەیە واز لە مافی سیاسەتی دیموكراسی ناهێنین”.

بابەتی پێشتر

مێژووی دروستبوونی شەراب

بابەتی دواتر

هەڕەشەی تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە دەنگی زۆرینە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share