بەڕێوبەری یوڤانتۆس نیشانەی لە دڵی بەرگری بایرن گرتووەتەوە

 

یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی، چاودێری دانوستاندنی نێوان ئیدارەی یانەی بایرن میونشن و لێپرسراوی کارەکانی دەیڤید ئالابا دەکات.

ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی بیانکۆنێرییەوە ئاشکرایکردووە، کە فابیۆ پاراتیچی بەڕێوبەری وەرزشیی یانەی یوڤانتۆس خواستی لەسەر کڕینی دەیڤید ئالابای بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنە و بەدوای ڕێگە چارەیەکدا دەگەڕێت بۆ قایلکردنی بەرگریکارەکە.

لە وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی 2020 بەڕێوبەرانی یانەی بایرن میونشن هەوڵیاندا بۆندی ئالابا نوێبکەنەوە، بەڵام بەرگریکارە نەمساییەکە ڕەتیکردەوە بەهەمان مەرج و بۆندی ڕابردوو قایلبێت، بەڵکو داوایکرد وەک یەکێک لە گرانبەهاترینەکانی یانەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوەش کۆسپی لەبەردەم پڕۆسەی نوێکردنەوەی بۆندەکەی دروستکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

ڕۆژنامە ئیتاڵییەکان جەختدەکەنەوە، فابیۆ پاراتیچی بەڕێوبەری وەرزشی یوڤانتۆس چاوی بڕیوەتە ئالابا و پێی وایە، بەرگریکارە 28 ساڵەکە باشترین بژاردەیە بۆ شوێنگرتنەوەی جۆرجیۆ کیلینی و لیۆناردۆ بونۆچی کە تەمەنیان هەڵکشاوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێڵاوەکانیان هەڵدەواسن.

توتۆ سپۆرت دووپاتیدەکاتەوە، پاراتیچی لە چاوەڕوانی بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان و ئەنجامی کۆتییدایە، ئەگەر بێتو بایرن لە نوێکردنەوەی بۆندی ئالابا سەرکەوتوو نەبێت، ڕاستەوخۆ یوڤانتۆس لە گواستنەوەکانی زستانەی 2021 بۆند پێشکەشی بەرگریکارەکە دەکات.

یوڤانتۆس لە گواستنەوەکانی هاویندا چەندین بۆندی گەورەی واژووکرد لەنمونەی، ئارسەر مێلۆ، فیدریکۆ کیێزا، بەڵام لە کڕینی بەرگریکارێک سەرکەوتونەبوو.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم عوسمان دیمبیلی

بابەتی دواتر

مانچستەر سیتی جارێکی دیکە دەرگای بۆ مێسی واڵاکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share