ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت ئەمڕۆ یاسای بودجە بخاتە دەنگدانەوە؟

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێك تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدات، ئەمەش لەكاتێكدایە دەوترێت ناكۆكییەكان تایبەت بە ژمارەیەك لە بڕگەكانی پرۆژەكە بەردەوامە.

بەپێی بەرنامەی كار بڕیارە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئازار لە كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ ئەنجامبدرێت و تەنها تەرخانكراوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.

لە چوارچێوەی دوایین هەوڵ و ئامادەكارییەكان بۆ دانیشتنەكە دوێنێ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوەیەكی بە سەرۆكایەتی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن لەگەڵ حەوت وەزیری كابینەی حكومەتدا ئەنجامدا كە تا پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر بودجە كرا، لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە، نابێت لە بودجەی ئەمساڵی عێراق قەرزی نوێی هەبێت و ڕێگەپێدراو نییە، بارودۆخی وڵات بەرگەی ئەوە ناگرێت”.

سەبارەت بە نرخی دۆلار بەشیر حەداد ئاشكرایكرد، “سەبارەت بە دۆلار حكومەت بەرگری لەو هەنگاوەی خۆی دەكات و دەڵێت لەبەر بەرژەوەندیی وڵات نراوە و پەشیمان نییە، لیژنەی داراییش لەگەڵ ئەوەدان بۆیە دیسان ناگەڕێنەوە سەر كەمكردنەوەی نرخی دۆلار”.

لەبارەی پشكی هەرێم، جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی، “بەهیچ جۆرێك باس لە پشكی هەرێم نەكراوە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پشكی هەرێم كێشە و گرێكوێرە نییە”.

“شاندی هەرێم پێشتر بە مادەی 10 و 11ی پرۆژەكە ڕازی بووە، تەنانەت بەوەش ڕازی بوو كە لیژنەی دارایی دایڕشتەوە، لە لیژنەی داراییش دەنگی لەسەردرا و واژووی لەسەركرا، شاندی هەرێم بە دەقە ئەسڵییەكە و جێگرەوەكەشی ڕازییە، بۆیە لەكاتی دەنگدانیش وەك نوێنەرانی كورد بە دەقی باوەڕپێكراوی لیژنەی دارایی ڕازیین و دەنگی پێدەدەین”، وەك بەشیر حەداد ئاماژەی پێكرد.

هەر دوێنێ لیژنەی دارایی تایبەت بە مادەی 11ی بودجە كە تایبەتە بە پشكی هەرێم و پابەندییەكانی كۆبووەوە.

لەسەر ناوەڕۆکی ئەو بەشەی کۆبوونەکە هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، ”کوتلە شیعییەکان چەند گۆڕانکارییەکیان لە دەقی ڕێككەوتنی پێشویاندا لەگەڵ وەفدی هەرێمدا کردوە، دیارتریینیان ئەوەیە کە رێگەی مەقاصەیان بریوە و باسی ئەوەیان لابردووە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئیلتیزامی نەکرد ئەوا بە یاسای ئیدارەی دارایی ریژەی زیان لە هەرێم دەبڕدرێ، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەگەر هەرێم ئیلتیزامیی نەکرد ئەوا بەغدادیش هیچ برە پارەیەک نەنێرێ”.

ئەوەشی وت، “بڕیارە ئەم دەقە نوێیە بدرێتە دەست شاندی هەرێم و شاندەکە بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو پرسە دەرببڕێت”.

ئەمەش لەكاتێكدایە هەر دوێنێ شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران گەیشتە بەغداد و بڕیارە هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی پشكی هەرێم لە بودجەدا دەستپێبكاتەوە.

ناكۆكییەكانی تایبەت بە بودجە تەنها مادەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم نین، بەڵكو بەپێی وتەی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ناكۆكی بنەڕەتی و كێشەی دیكە هەن كە بەربەستن لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساكە.

فازڵ جابر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ناكۆكیی ساتەكانی كۆتایی ڕێگردەبن لە تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان، سەرەڕای ئەو بڕگانەی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە زیاددەكرێن و دەبنە ئاستەنگ.

بە بڕوای ئەو “بودجە بەم نزیكانە دەنگی لەسەر دەدرێت، سەرەڕای بوونی هەندێك كێشە لەنێو كوتلە سیاسییەكان دەربارەی بودجە، جیا لە مادەی 11 كە كرۆكی ناكۆكی نێوان بەغداد و هەولێرە”.

جابر ئاماژەی بەوەشكرد، “بودجە كێشەكانی بژێویی ژیانی هاوڵاتی چارەسەرنەكردووە كە خۆی لە مادەكانی بەشە خۆراكی مانگانە و دابەزاندنی نرخی دۆلاردا دەبینێتەوە، بۆیە بۆ سودگەیاندن بە توێژی هەژاران نییە”.

بابەتی پێشتر

ئیندۆنیزیا.. تەقینەوەیەك لە كڵێسایەكدا ڕویدا

بابەتی دواتر

نرخی ئەمڕۆی دراوەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share