یاسا نهێنیەکانی ڕائول کاستیای ڕیاڵ مەدریدی گەڕاندووەتەوە لوتکە

ڕائول ئاستی پێکهاتەی کاستیای بەرزکردووەتەوە

پێکهاتەی دووەمی یانەی ڕیاڵ مەدرید “کاستیا” بە سەرپەرشتی ڕائول گۆنزالێس لە خولی پلە دووی ئیسپانیا نزیکبوونەتەوە.

پێکهاتەی کاستیای ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا لە گروپی پێنجەمی “سێکوندا لالیگا” یاریدەکەن، توانیویانە لە 18 یارییدا 32 خاڵ کۆبکەنەوە و بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ یانەی ڕێیس پلەی دووەمی گروپەکە بگرن، ئەگەر بەو ئاست و ئەنجامەوە بەردەوامبن، وەرزی داهاتوو دەتوانن بەشداری خولی پلە دووی ئیسپانیا بکەن، کە ماوەی 10 ساڵە نەیانتوانیوە بەشداری تێدا بکەن.

ڕۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، هێز و توانای ئێستای ستافی کاستیا پەیوەندی بەو گۆڕانکاری و یاسا نهێنیانەوە هەیە کە ڕائول گۆنزالێسی ڕاهێنەر جێبەجێیان دەکات.

بەپێی سەرچاوەکە، ڕائول لە هاوینی 2019وە پۆستی ڕاهێنەری تیپی دووەمی ڕیاڵی وەرگرتووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین یاسای تایبەتیی پەیڕەوکردووە کە هۆکاربوون بۆ سەرکەوتنیان، یەکیك لەو یاسایانەش قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە لە یاریزانان.

لەسەردەمی ڕائولدا و دوای 10 ساڵ دابڕان، پێکهاتەی کاستیا دەگەڕێتەوە بۆ خولی پلە دوو

یەکێکی دیکە لە یاساکانی ڕائول بلانکۆ کەمکردنەوەی پاداشاتە داراییەکان بووە و دووپاتیکردووەتەوە، نابێت یاریزانی ڕیاڵ لە ڕووی داراییەوە زیاتر لە یانەکانی دیکە بەدەستبهێنن، چونکە ئەم باڵادەستیە گڕوتینی یانەکانی دیکە لە دژیان زیاتر دەکات.

یاسای سێیەمی ڕائول فێرکردنی یاریزانان بووە بە کەلتوری ڕیاڵ و ئەو ڕێسایانەی لەسەری بونیادنراوە.

چڕکردنی مەشقەکان

ڕائول بەم هەنگوانەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە ڕووی وەرزشییەوە مەشقەکانی بەهێزتر کردووە و پێی وایە یاریزانانی تەمەن 20 بۆ 24 ساڵ دەتوانن بەرگەی قورسی ڕاهێنانەکان بگرن، کە ئەوەش ڕێخۆشکەرە بۆ یاریکردنیان لە پێکهاتەی یەکەم.

مارکا نوسیویەتی، ڕائول لەسەر ئەنجام و لەدەستدانی هەلی تۆمارکردنی گۆڵ هەرگیز توڕە نابێت، بەڵکو کە توڕە دەبێت هۆکارەکەی کەمتەرخەمی و خۆماندونەکردنی یاریزانانە لە هەندێک لە ڕوبەڕوبوونەوەکان، نمونەش بە ڕوبەڕوبوونەوەیەک دەهێنێتەوە، تیایدا کاستیا بە ئەنجامی دوو گۆڵ براوەبووە  ویاریزانان زیاد لە پیویست ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕاوە، بەڵام ڕائول توڕەبووە و داوای لێکردوون بە شێوەیەک ئاهەنگی سەرکەوتن نەگێڕن کە یانەی ڕکابەر بێزاربکات.

یەکێکی دیکە لە نمونەکان ئەو کاتە بووە کە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک بەرانبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید براوەبوون، ڕاهێنەر لە یاریزانان توڕەبووە بەهۆی ئەوەی بەپێی پێویست خۆیان ماندوونەکردووە و ئەرکە تاکتیکیەکانیان وەک خۆی جێبەجێنەکردووە.

لەم ڕێگەیەوە ڕاهێنەرە ئەفسانەییەکە توانیویەتی پێکهاتەیەکی تۆکمە و بەهێز بونیادبنێت، هەروەها چەندین کەلێنی پێکهاتەی یەکەم بۆ زینەدین زێدان پڕبکاتەوە.

بابەتی پێشتر

کەشتییەکەی نۆکەندی سوێس بە خەوتووی بەردەوامە لە زیان گەیاندن بە ئابوری جیهان

بابەتی دواتر

كیسنجەر: پێویستە ئەمریكا لەگەڵ چین بگاتە لێكتێگەیشتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share