تەرمی دكتۆر كەمال مەزهەر بەخاكسپێردرا

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حزبی و خانەوادەكەی، ئەمڕۆ مەراسیمی ماڵئاوایی لە دكتۆر كەمال مەزهەر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، “دكتۆر كەمال مەزهەر خاوەنی دەیان لێكۆڵینەوە و كتێبە لەسەر مێژووی كوردستان، مێژوونوسێكە هەمیشە لە هەوڵی ساخكردنەوەی پەیوەندیی گەلاندا بووە”.

دواتر تەرمی مێژوونوسە كوردەكە لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی و لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسان لە گۆڕستانی گردی سەیوان بەخاكسپێردرا.

لە وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە دكتۆر كەمال مەزهەر، مێژوونوسی كورد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “دكتۆر كەمال مەزهەر، لەدایكبووی كەركوكە، كەركوكی بوون ئاسان نییە چونكە بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو واتا ژیانێكی سەخت و هەست نەكردن بە ئارامی و ڕوبەڕوبوونەوەی بەردەوامی نكۆڵی كردن لە ماف و هەبوونت لەسەر خاك و زێدی ڕەسەنی خۆت”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “دكتۆر كەمال مەزهەر، لە كتێبەكەی خۆیدا “كەركوك و توابعها”، ئەوەی بەرامبەر بە شارەكەی كراوە و ڕاستییەكانی مێژووی كەركوكی ڕوونكردووەتەوە، زەحمەتی زۆری كێشاوە بۆ ئەوەی ڕاستییەكانی كورد لە ناوچەكە لە هەزاران بەڵگە دەربهێنێت”.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، “دكتۆر كەمال مەزهەر خاوەنی دەیان لێكۆڵینەوە و كتێبە لەسەر مێژووی كوردستان، مێژوونوسێكە هەمیشە لە هەوڵی ساخكردنەوەی پەیوەندیی گەلاندا بووە، دەیویست ئەوە بسەلمێنێت كە گەلان كێشەیان لەگەڵ یەكدا نییە و ئەوە حكومەتەكانن كێشە بۆ یەكتر دروست دەكەن”.

“ئەو مێژووی وەك زانستێك كە جێگەی متمانە بێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی ڕوداوەكان تەماشا دەكرد، كە ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەبوو بۆ مێژوو”، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “كاتێك دكتۆر كەمال مەزهەر قسەی لەسەر ئافرەت لە مێژوودا كرد، ئەوكات بزوتنەوەی ژنان لە كوردستاندا ساوا بوو، هەر ئەو زەمینەسازی كرد بۆ ئەوەی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ڕێزلێگیراوانە تەماشا بكرێت”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند، “لەگەڵ تێكدان و وێرانكردنی كوردستان، مێژووی كوردستانیش زۆر شێوێندراوە و ونكراوە، پێشمەرگە گەلی كوردستانی پاراست و ڕۆشنبیرانیش مێژوو كلتورەكەی”.

“ڕۆشنبیران و نوسەرانی كورد كە بە  قەڵەم و وشە خزمەتی كوردستانیان كرد، كە شایەنی ڕێزگرتنێكی تایبەتن، چونكە بە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان هێندەی دەزگای زۆر گەورەی نیشتمانی ڕۆڵیان گێڕاوە بۆ پاراستنی زمان و ڕۆشنبیریی كوردی”، وەك سەرۆكی هەرێم ئاماژەی پێكرد.

وتیشی، “دوای 2003، دكتۆر كەمال مەزهەر بە پەرۆشەوە دەیویست لە شوێنێكی ئارام بەردەوام بێت لە لێكۆلینەوەكانی، بۆیە ئاسانكارییمان بۆ كرد كتێبخانە گەورەكەی بهێنێتە هەولێر، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی نەیهێشت ئاواتەكانی بهێنێتە دی ئەوەی مەبەستی بوو تەواوی بكات”.

د. كەمال مەزهەر، نوسەر و مێژوونوسی ناسراوی كورد

لە سلێمانی بە خاك دەسپێردرێت

شەوی ڕابردوو، تەرمی د. كەمال مەزهەر، نوسەر و مێژوونوسی ناسراوی كورد لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆكە گەیەندرایە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

بەپێی ئەو ڕێوشوێنەی بۆ پێشوازی لە تەرمەكەی دانرابوو، ئەمڕۆ لە هەولێر مەراسیمێكی تایبەتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و ڕۆشنبیران بۆ ئەنجامدرا.

د. کەمال مەزھەر ئەحمەد، لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەر لە کەرکوک لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە، لە ساڵی 1959 بەشی مێژووی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە.

لە ساڵی 1959 چووەتە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و دواتر لە ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژوودا وەرگرتووە و لە ساڵی 1981یش بووەتە مامۆستای مێژوو لە زانکۆکانی عێراق.

كەمال مەزهەر، ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد، ئەنستیتیوتی کورد لە پاریس و ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد بووە.

چەندین کتێبی لەسەر مێژووی کورد و جیهان نوسیوە و بڵاوكردووەتەوە.

د. کەمال مەزهەر سێشەممەی ڕابردوو 16ی ئازار لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.

لەسەر وردەکاریی ناشتنەکەی لە سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، “لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 24ی ئازار لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشدارانی مەراسیمەکەوە پێشوازیی ڕەسمیی دەکرێت و بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت، لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووانەوە پێشوازیی دەکرێت”.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” تەرمی کەمال مەزهەر بە مەراسیمێکی شایستە بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەکرێت”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بەرگریی عێراق: سێ تیرۆریستمان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیركردووە

بابەتی دواتر

"دەرگای خوێندگاكانی هەرێم بە داخراوی دەمێننەوە"

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مستەفا كازمی لە هەولێرە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی سەربازی هاتووە و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش…
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم: دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان دەكرێتە ئەلیكترۆنی

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان دەكرێتە ئەلیكترۆنی و لە ڕێگای كارتێكەوە دابەشدەكرێت و…
Total
0
Share