لە پرۆژە یاسای پەروەردەدا مامۆستای یاریدەدەر بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت جێگیرکرا

جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە پرۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری پرسی مامۆستای یاریدەدەر بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت جێگیرکراوە.

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەناو پرۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری بە ماددەیەکی تایبەت باس لە خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە، لە ماددەی 36 تەوەرەی هەشتەم، بە حەوت بڕگە باس لە دابینکردنی مامۆستا و پێداویستییەکانی خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە، تا دەگات بە دابینکردنی خوێندنگای تایبەت بۆیان و وەزارەتی پەروەردە پابەندکراوە کە بە باشترین شێوە دابینیان بکات”.

باسی لەوەشکرد، “لە پرۆژە یاسایاکەدا خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراون بە چەند بەشێکەوە، بەشێکیان ئەوانەن کە کێشەیەکیان هەیە، بەڵام دەتوانن بە پشتیوانی مامۆستای دووەم لە خوێندنگە ئاساییەکان درێژە بە خوێندن بدەن، بەشێکی دیکەیان جۆری حاڵەتەکانیان قورسە، لە خوێندنگەی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دیسان پێویستیان بە مامۆستای دووەم هەیە، بۆ ئەمانەش پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە کە مامۆستای دووەمیان بۆ دابینبکات”.
ئاشکراشیکرد، “لە پرۆژە یاساکەدا خودی مامۆستای دووەم یان مامۆستای یاریدەدەر ناوی هاتووە و جێگیرکراوە “.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەزانین لەئێستادا کێشە و گرفتی زۆر ڕووبەڕووی ئەو دایک و باوکانە دەبێتەوە کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، بەڵام لەم پرۆژە یاسایەدا کاری زۆر باش بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی کراوە، کە لەدوای دەرچوونی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە پابەند دەکات جێبەجێیان بکات”.

 

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: بۆ ئێمە مام جەلال قوتابخانە و ئەزموون و ڕێنیشاندەرە

بابەتی دواتر

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی "برسێتی"یەوە هۆشداری دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share