سعودیە ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و حوسییەکان قبوڵیان نیە

دوای پێشنیازەکەی وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، چەکدارە حوسییەکان ڕەتیان کردەوە پێشنیازەکە قبوڵ بکەن.

فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودییە لە بەیاننامەیەکدا پێشتر ڕایگەیاندبوو، سعودیە لە ساڵی 2015 ەوە کاتێک لەڕووی سەربازییەوە چووە جەنگی یەمەنەوە، کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کردووە، لەوانەش ” وەستاندنی شەڕ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.”

لەلای خۆیانەوە حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن پێشنیارەکەی سعودییەیان بۆ وەستاندنی شەڕ ڕەتکردەوە.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی سعودییە لەلایەن حوسییەکانەوە لە کاتێکدایە لەماوەی تەنها ١٥ ڕۆژدا چوارجار حوسییەکان هێرشیانکردە سەر خاکی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکان

نەرمی نواندنەکەی سعودییە بەجۆرێک بوو کە وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند،” هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە گەمارۆکانی سەر بەندەری حودەیدە کەم دەکاتەوە و ئەو باجانەی کە لە بەندەرەکە وەردەگیرێن ڕاستەوخۆ ڕەوانەی حسابێکی بانکی هاوبەشی بانکی ناوەند دەکرێت”.

یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانی سعودییە ڕێگەدانە بە دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن.

دوای نەرمی نواندنەکەی سعودییە محەمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسییەکان ڕایگەیاند، “ئێمە بە وڵاتانی دوژمنکار دەڵێین کە دەبێت بە تەواوی دەست لە دوژمنکارییەکانیان هەڵگرن و کۆتایی بە گەمارۆکانتان بهێنن”.

ماوەی چەندین ساڵە شەڕی نێوان چەکدارە حوسییەکانی یەمەن و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودییە بەردەوامە و لەوماوەیەدا حوسییەکان چەندینجار هێرشیانکردووەتەسەر دامەزراوە هەستیارەکانی سعودییە.

بابەتی پێشتر

ڕاگەیەندراوی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی ڕوداوەكەی ئەمشەو

بابەتی دواتر

لە هێرشێکی چەکداریدا لە ئەمریکا پۆلیسێک و 9 کەسی دیکە کوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share