نێچیرڤان بارزانی: دوای نەورۆز لایەنەکان بانگێشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکەم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای جەژنی نەورۆز هەموو لایەنەکان بانگێشتی سەرۆکایەتی دەکات بۆ کۆبوونەوە و لێکنزیکبوونەوەی زیادتری لایەنە سیاسییەکان.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ” با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ين و‌ ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م”.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانييان له‌ وڵات، له‌ هه‌نده‌ران، له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ پيرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

پيرۆزباييى تايبه‌ت، سوپاس و پێزانين بۆ ته‌واوى تيمه‌ پزيشكى و ته‌ندروستييه‌كان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيدى نۆزده‌ و گيان و سه‌لامه‌تيى هاووڵاتييان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونيان ده‌گوشم.

به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى هاوكارانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌م پێناوه‌دا گيانيان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌تايه‌ گيانيان له‌ ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريانم. هيواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و زێره‌ڤانى و فرياكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزيدا، هاوكار و پشتيوانن.

نه‌ورۆز جه‌ژنى پيرۆزى نه‌ته‌وه‌يى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژيانه‌وه‌ و ئازاديى گه‌لى كورده‌. ساڵ و سه‌ره‌تايه‌كى نوێيه‌، وه‌ك هه‌ميشه‌ ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له‌ سه‌ره‌تاى‌ نوێدا‌ به‌ خۆماندا بچينه‌وه‌، سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرين و به‌خشنده‌ و لێبورده‌ بين. با هه‌موومان به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ بۆ ئاينده‌يه‌كى گه‌شتر بڕوانين. هه‌موو هێز و توانامان يه‌كبخه‌ين، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين، شان بده‌ينه‌ به‌ر و سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنين.

سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژيان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتييان، مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتايى به‌ ململانێ و ناكۆكييه‌كانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان بێت كه‌ هه‌رگيز له‌ زيان و لێكترازانى زياتر، هيچى ديكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دينه‌هاتووه‌.

با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ين و‌ ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگيرى و ئاشتى و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ چاره‌سه‌ريى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ، كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى عێراقه‌.

ئێمه‌ بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له ‌خۆسه‌پێنى ئاماده‌ين كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تايبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سيسته‌مى فيدراڵى و پره‌نسيپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگيى ڕاسته‌قينه‌ بپارێزێت. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ين، پشتيوان و هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.

هه‌ر له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌يوه‌ندى و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌دات. به‌ هه‌موو توانايه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جيهان ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و توندڕه‌وى ده‌بينه‌وه‌.

هه‌ر له‌و بۆنه‌يه‌دا داوا له‌ هاووڵاتيانى ئازيز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌يراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و ياساكانى هاتوچۆ به‌ ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆيان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانييان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پيرۆز بێت، هيوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە كولتوور و دابونەریتیان.

بۆ گەلی كوردستان نەورۆز جگە لە هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت، مانای ئازادیخوازی و ڕاپەڕین لەدژی ستەمكاریش دەدات. كورد لە نەورۆزدا ڕاپەڕینی كردووە بۆ ئەوەی لە بندەستی ڕزگاری بێت و ئازادی بە دەست بهێنێت. ڕۆحی ڕاپەڕین و ئازادیخوازیی كورد لە دێرزەمانەوە هەبووە و ئێستاش هەر هەیە و هەتا بندەستی و ستەمكاری هەبێت هەر درێژەی دەبێت.

گەلی كوردستان بڕوای بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەكان هەیە و لەمبارەیەوە خاوەنی فەرهەنگێكی مێژوویی و قووڵە و، بە كردەوە بنەماكانی پێكەوەژیانی پیادە كردووە و كاری پێ كردووە. لە هەمانكاتیشدا گیانی ئازادیخوازی و پێكەوەژیانی كورد، هەردەم لەگەڵ ئاشتیخوازیشدا ئاوێتە بووە. گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.

ئێمە هەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەكانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراكەت چارەسەر بكرێن. گەلی كوردستان لەسەر بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە لە عێراقدا شەریكە. لادان لە بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە و بەكارهێنانی زمانی زۆرینە و كەمینە و كولتووری خۆسەپاندن و نكۆڵیكردن، بە دڵنیاییەوە گرفتەكان چارەسەر ناكات.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.

مەسعود بارزانی

٢٠ـی ئاداری ٢٠٢١ زایینی

پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستانییان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم . هیوادارم ساڵی خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلی کوردستان .
نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە هێما و سیمبولی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەرکەوتن بووە ، بۆیە هیوادارم ئەم نەورۆزە ، ببێتە مایەی بە ديهێنانی هەموو مافەکانمان و سەرکەوتن بە سەر هەموو سەختی و ناخۆشییەکاندا.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە هاوکار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.
هیوادارم حکومەتی فيدرالی ، ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەمو خاڵە دەستوورییەکان بە جێ بهێنێت، بو ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە هەمو عێراقدا بچەسپێت.
داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم ، پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆ ئەوەی بە یەکەوە کاربکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە، لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە بە گشتی و بەسەربردنی کاتێکی خۆشتر.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/20
بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی سوید نیگەرانی پێشێلکارییەکانە دژی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

یابان.. هۆشداری لە ڕودانی تسۆنامی دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share