لێدانی سەر لە تۆپی پێدا قەدەغە دەکرێت؟

بەریتانیەکان لە هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی لێدانی سەر لە یاری تۆپی پێدا

توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە، کە یاریزانانی بواری تۆپی پێ بەهۆی لێدانی تۆپ بەسەر دووچاری کێشەی تەندروستی دەبنەوە.

بەپێی توێژینەوەیەکی ماتماتیکی زانکۆی گلاسگۆ کە لەژێر سەرپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا و ڕایەڵەی یانە پڕۆفیشناڵەکان لەسەر حەوت هەزار و 676 کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە زۆرینەی یاریزانانی بواری تۆپی پێ بەهۆی لێدانی سەرەوە و لەگەڵ هەڵکشانیان بەتەمەن تووشی خڵەفان دەبن.

توێژینەوەکە 22 مانگی خایاندووە و بەراوردی دۆخی تەندروستی یاریزانانی لە نێوان ساڵانی 1900 بۆ 1976 تاوەکو ئێستا کردووە و دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی یاری تۆپی پێیان کردووە بە نێوەندی ڕێژەی 3.5 زیاتر لە کەسانی ئاسایی توشی کێشەی کۆ ئەندامی دەمار بوون بەتایبەت نەخۆشی خڵەفان، هەندێکیشیان دووچاری نەخۆشی پارکینسۆن و زهایمەر بوون.

یەکێک لە نمونەکان کە وەرگیراوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوون لە ساڵی 1966 کاتێک نازناوی مۆندیالیان بەدەستهێناوە، لە نێوانیاندا 11 یاریزان دووچاری نەخۆشی خڵەفان و زهایمەربوون کە جاک چاڕڵتۆن یەکێکبووە لە یاریزانەکان.

پزیشکانی زانگۆی گلاسگۆ دەریانخستووە، کە لێدانی سەر کاریگەری لەسەر دەماغی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت

لە ئێستادا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە هاوکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و لەژێر سەرپەرشتی ئارسن ڤینگەر کە بەرپرسی کەرتی لاوانە، لە کاردان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و دەرکردنی چەند بڕیارێک لەم بارەیەوە، ئەگەر بێتو توێژینەوەکانی دیکە هەمان ئەنجام دەربخەن ئەوا بە ناچارییەوە بڕیارێک لەبارەی لێدانی سەرەوە دەدرێت بەتایبەت لە کەرتی منداڵان و لاوان.

ئەگەرێکی بەهێز لە ئارادایە، لە ئینگلتەراوە لێدانی سەر قەدەغە بکرێت، یاخود بەلایەنی کەمەوە لە ڕوبەڕوبوونەوەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا سنورداربکرێت.

بابەتی پێشتر

(11) فاینەڵ نازناوی خولی ئیسپانیا یەکلاییدەکاتەوە

بابەتی دواتر

لیرەی توركی جارێكی دیكە دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share