تەندروستیی سلێمانی: 43 هەزار ژەم ڤاكسینی نوێ دەگاتە هەرێم

بەرپرسێكی تەندروستی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەمڕۆ 43 هەزار ژەم ڤاكسینی نوێ بگاتە هەرێم و دەشڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكەن كە ڤاكسینیان پێدراوە بەمەبەستی زانینی كاریگەرییەكەی.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بڕیارە ئەمڕۆ 336 هەزار ژەم ڤاكسینی ئەسترازێنیكای بەریتانی بگاتە عێراق و لەو بڕە 43 هەزار ژەمی پشكی هەرێمی كوردستانە و گۆڕانكاریش لەو بڕە پێشبینی كراوە.

ئەوەشی وت، “پشكی سلێمانی بە نزیكەی 20 هەزار ژەم ڤاكسین دەبێت”.

دكتۆ هێرش باسی لەوەشكرد، بڕیاربوو ئەو ڤاكسینانە زیاتربووایە و 180 هەزاری بۆ هەرێم بوایە، بەڵام دیارە كەمكراوەتەوە.

دەربارەی ئەو كەسانەش ڤاكسینەكەیان پێدەدرێت باسی لەوەكرد، سەرەتا دەبێت پێدانی بە كارمەندانی تەندروستی تەواوبێت، دواتر دەدرێتە كەسانی دیكە.

ئەو جۆرە ڤاكسینەی بڕیارە ئەمڕۆ بگات، لەلایەن هەندێك لە وڵاتانەوە بەكارهێنان و پێدانی بە هاوڵاتییان قەدەغەكراوە، لەوبارەیەوە جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm)ی چینی-ش بەهەمان شێوە لەلایەن هەندێك لە وڵاتانەوە بەكارناهێنرێت و ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هەر وڵاتە پڕۆتۆكۆڵی تایبەت بە خۆی هەیە و جیاوازە لە وڵاتانی دیكە.

لە وەڵامی ئەوەی ئایا هیچ مەترسییەك لەم جۆرەی ڤاكسینەكەدا دەبیننەوە، دكتۆر هێرش وتی، “ڤاكسین هەتا لێنەدرێت و هەتا دوای دوو سێ هەفتە كاریگەرییە لاوەكییەكانی دەرنەكەوێت ناتوانین هیچ بڕیارێكی لەبارەوە بدەین”.

ئەوەشی ڕونكردەوە، دوای بەكارهێنانی ڤاكسینی سینۆفارمی، لە هەفتەی داهاتوودا ئەوانەی وەریانگرتووە و ژەمی دووەم وەربگرن، تێستیان بۆ دەكەن لەسەر ئەوەی ئایا بەرگرییان بۆ دروستبووە یان نا وە ئایا هیچ كاریگەری لاوەكی هەبووە یان نا.

سەرەتای ئەم مانگە ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕمی چینی بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرا.

بابەتی پێشتر

دەتەوێت خاوەنی تەندروستییەكی باش بیت؟ ئەم پێنج خۆراكە بخۆ

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە دەوامی خوێندنگاكانی ڕاگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share