کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم

کێشە خێزانییەکان و توندوتیژی لەماوەی كەرەنتینە و سەرهەڵدانی كۆرۆنا بەرزبوونەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هۆکارەکەی بۆ “کۆبوونەوەی بێ بەرنامە و بێ ئامادەکاریی خێزانەكان” لە ماڵەوە دەگەڕێننەوە.

لەکۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوام لە خوێندنگە و سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، دواتریش لە بەرواری 13ی ئازاردا بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیدا.

ڕێوشوێنەكە بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی توشبوون بە پەتاكە و ڕێگری بوو لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەكە لەنێو هاوڵاتییاندا، بەڵام دەردێكی تری بۆ هەندێك لە خێزانەكان دروستكرد.

ئامارەكانی توندوتیژی لە چ ئاستێكدان؟
ئامارەكانی لایەنە پەیوندیدارەكان ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی توندوتیژییە خێزانییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا.

لەوبارەیەوە بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگرتنی دەوام و کەرەنتینەدا، ئامارەکانی توندوتیژی زیادیانکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکەمجارە لە کلتور و مێژووی خێزانی کورد-دا بەبێ بەرنامە و ئامادەکاری، هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە ماڵەوە کۆببنەوە لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەدیلێکی دیکە بۆ خێزانەکە نەبێت”.

سکرتێری یەکێتیی پیاوان ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان ئەوەندە زۆربوون “نزیکەی دوو هێندەی ماوەی ڕابردوو بوون”.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لای یەكێتییەكەیە، “لە هەشت مانگی ڕابردوودا 486 سکاڵای جۆراوجۆر لەبارەی توندوتیژی دژ بە پیاوان لە سەرجەم ناوچەكان تۆمارکراون، 47 حاڵەتی خۆکوشتنی تێدابووە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لەو ماوەیەدا 26 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، پێنج حاڵەتیشیان کوشتنی پیاوە لەلایەن ژنەکەیەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە”.

لای خۆشییەوە پارێزەر كارزان فازڵ، كە لە كەیسە خێزانییەكان كار دەكات، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “توندوتیژیی خێزانی بەشێوەیەکی گشتیی و جیابوونەوەش بەهۆی کەرەنتین و لە ماڵەوە بوونی خێزان زیادیانکردووە”.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئامارێکی فەرمیی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەزار و 366 حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەش، بەشی هەرە زۆری ئەو ژمارەیە توندوتیژیی خێزانییە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا 483 سکاڵا لەلایەن پیاوان و 855 سکاڵا لەلایەن ژنانەوە تۆمارکراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تەندوتیژیی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشکرایکرد، “لە ماوەی کەرەنتینەدا توندوتیژی کەمی کردووە و ئەو ئامارانەی لای ئەوان تۆمارکراون نیشانی دەدات توندوتیژی کەمبووەتەوە”.

“بەهۆی ڕاگرتنی دەوامەوە حاڵەتەكان تۆمار نەكراون”
شۆخان حەمە ڕەشید، سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان WOLA بە تۆڕی میدیایی ئێستا وت، “تۆمارەکانی توندوتیژیی خێزانی چ بەرامبەر پیاوان چ بەرامبەر ژنان لەماوەی کەرەنتینە بەرزبووەتەوە، هۆكاری ئەوەشی ئاماری دەزگا فەرمییەکان كەمتری تۆمار كردبێت ئەوەیە بەهۆی ڕاگیرانی دەوام و نەبوونی ئەو فەرمانگە حکومییانەوە بووە”.

“ناهۆشیاری و بەریەككەوتن هۆكارێكی توندوتیژییەكانن”
سەبارەت بە هۆكارەكانی زیادبوونی ئەو ڕێژەیە لە توندوتیژی، سکرتێری یەکێتیی پیاوان ئاماژەی بەوەکرد، “دوو هۆكاری سەرەكی هەن بۆ بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توندوتیژی و کێشە خێزانییەکان، یەکەمیان لەماڵەوەبوونی ژن و پیاو بە بەردەوامی بەیەکەوە و ناهۆشیاری و بەریەککەوتن و قسەکردن لە کاروباری یەکتردا، هەروەها قەیرانی دارایی و نەبوونی توانای خێزان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ماڵەوە”.

سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان-یش سەبارەت بەوەی کاریگەرییەكانی کۆرۆنا و کەرەنتین لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەی وڵاتانی دیکەیە وتی، “کاریگەرییەکانی كۆرۆنا لە هەرێم، کێشەی خێزانی و توندوتیژی و تەنانەت تاوەکو ئاستی لێکترازانی خێزانیش بووە، ئەگەر لە وڵاتانی دیکە کەرەنتین خۆشبەختی بۆ خێزان دروستکردووە بەهۆی ئەوەیە ژن و پیاو بەیەکەوە لە ماڵەوە بوون، لەبەرامبەردا لایەنی داراییان گرەنتی کراو بووە، بەڵام لێرە هەردوولا بێکار و بێموچە ماونەتەوە، ئەمەش بەریەککەوتن و ناکۆکییەکانی زیاتر كردووە”.

شۆخان حەمە ڕەشید هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی توندوتیژی و کێشە خێزانییەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، “هۆشیاری خێزانی کورد کەمە، دوو هاوسەر کاتێک پێشتر هەردووکیان لە دەوام و کاردا بوون یاخود لانی کەم یەکێکیان لە دەرەوەی ماڵ بووە ئەگەر کێشەیەکیشی هەبوبێت لە نێوانیاندا نەهاتوون لەکاتی بەیەکەوەبووندا کێشەکان چارەسەر بکەن بەڵکو کێشەکان گەورەتر کراون”.

“ناپاكییەكان ئاشكرابوون”
شۆخان حەمە ڕەشید كە پارێزەریشە و ئاگاداری هەندێك لە كەیسەكانە، باسی لەوەشکرد، “بەشێکی زۆر لە کێشەکان بەهۆی ئەوەیە کە پیاوێک یاخود ژنێک کە خیانەتی هەبووە لە دەرەوە بووە پێیان نەزانراوە، بەڵام کە لەماڵەوە کۆبوونەتەوە بەردەوام بەیەکەوە بوون خیانەتەکە ئاشکرا بووە و کێشە دروستبووە، بەڵام لەوکاتەدا نەوەستاون تا دامودەزگاکانی حکومەت بکرێنەوە و سکاڵا بکەن بۆیە سکاڵایان هێناوەتە لای ئێمە یان ڕێکخراوە نافەرمییەکانی دیکە”.

“ئەگەر لە مانگی شوباتدا 200 کەس پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی ئێمەوە کردبێت، لە مانگی ئازار و نیساندا بەرزبووەتەوە بۆ 500 پەیوەندی بۆ سکاڵا لەسەر توندوتیژییە خێزانییەکان”، سەرۆكی ڕێكخراوەكەی بواری ژنان وای وت.

لای خۆشییەوە سکرتێری یەکێتیی پیاوان سەبارەت بە زیادبوونی كێشەكان وتی، “لە ناو کلتوری کورد-دا ئیدیۆمێک هەیە دەڵێت، ‘کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە’، بەڵام کاتێک ئەم کاسەیە بەتاڵە و خێزانیش هەمووی لەماڵەوەیە ناکۆکییەکان بەردەوام زیاتر دەبن”.

بەرپرسەكەی یەكێتیی پیاوان ڕاشیگەیاند، “خێزان پێداویستی هەیە، بەڵام پیاو کە بەپێی یاسا و کلتوریش بەرپرسی یەکەمە لە دابینکردنی پێداویستییەکان ناتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات، ئەمانە هۆکاری دروستبوونی کێشە خێزانییەکانن و زیادبوونی توندوتیژی و دواجار جیابوونەوەشن”.

لە عێراق هۆشداری دەدرێت
له‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای له‌ پەرلەمانی عێراق كرد، پەلە بکات لە تێپەڕاندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، هۆكاری ئه‌و په‌له‌كردنه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، “چەندین ڕاپۆرت بەردەستن دەربارەی بەرزبوونەوەی ئاستی توندووتیژییەکان لەسەر بنەمای جۆریی ڕەگەز و توندوتیژی خێزانی کە لەسەرتاسەری وڵاتدا ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتیش لەدوای ئەو گرژییە خێزانییەی کە هاتووەتەکایەوە له‌ ئه‌نجامی مانەوە لە ماڵەوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوه‌”.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە عێراق 5 هەزار و 292 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆماركراون.

بابەتی پێشتر

بەغداد.. 'سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا'

بابەتی دواتر

قەرەباغ داوای چۆڵكردن لە هاوڵاتیانی شارێكی ئازەربایجان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share