بافڵ تاڵەبانی: بە پەرۆشەوە لە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی دەڕوانین

بافڵ تاڵەبانی لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجەوە ڕایگەیاندووە، “تاوەکو ئێستا ئاسەواری ئەم برینە ساڕێژنەبووە بەسەر کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، بریندارانی چەکی کیمیایی و شاری غەدرلێکراوی ھەڵەبجەوە”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەبۆنەی 33یەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەوە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاندووە، “لەم ساڵڕۆژە خەمناکەدا نیگەرانین کە تاوەکو ئێستا ئاسەواری ئەم برینە ساڕێژنەبووە بەسەر کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، بریندارانی چەکی کیمیاوی و شاری غەدرلێکراوی ھەڵەبجەوە”.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “کیمیابارانی ھەڵەبجە یەکێکە لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و غەدرێکی گەورەیە کە دەرحەق بە گەلی کورد ئەنجامدراوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “تاوانێک کە هەمیشە لە ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەرامبەر ئەم ئازارە سورترمان دەکات لە بەردەوامی ھەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنی ھەڵەبجە و بریندارانی ئەم شارە”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپەرۆشەوە لە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی دەڕوانین. وەک چۆن لە رابردوودا دەستپێشخەربووین و بەھەوڵی یەکێتی، هەڵەبجە بووە پارێزگا، ئێستاش سەرجەم ئۆرگانەکانمان دەخەینە خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکانەوە. فشاری زیاتر لە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە دەستی ئاوەدانی زیاتر لەم شارە بەگەڕ بخەن و خزمەتی زیاتری بریندارانی چەکی کیمیاوی و کەسوکاری شەھیدان بکەن. دەبێت پێکەوە ھەڵەبجە بکەینە شاری ئاوەدانی و ناسنامەی پایتەختی ئاشتیش بکەینە سیمبولی خۆڕاگری، ئیرادە و بەردەوامی”.

“ئێمە دەزانین لە رابردوودا بەڵێنی زۆر بە هەڵەبجە دراوە و تەنها وەک دروشم ماوەتەوە، دەزانین بەدەمەوەنەچوونی حکومەت بۆ داواکارییەکانیان زیاتر دڵی هەڵەبجەییەکانی شکاندووە. دەمەوێت لەم یادە مێژووییەدا رایبگەیەنم کە هەموو تواناکانم دەخەمەگەڕ و پاڵپشت و هاوکارییان دەبم”، وەك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی وتووە، “ڕابردووی ئێمە پڕە لە نەهامەتی و ئازار و قوربانیدان، ئەگەر ناکۆکییە شەخسی و حیزبییەکانمان وەلانەنێین و پێکەوە لەپێناو کوردستانێکی خۆشگوزەران و ئارام هەوڵنەدەین، ڕۆحی شەهیدانمان ئارام نابن و بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەییمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، “دەبێت ئەمڕۆ رۆژی پەندوەرگرتن بێت، دەبێت لەوە تێبگەین کوردستان پێویستی بە هەموومانە. دەبێت هەموومان بە رۆحێکی کوردانەوە بجەنگین لە پێناو کورد و کوردستان و خەڵکە شەرەفمەندەکەی کە شایستەی ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترن”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا جەخت لە پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ یاباندا دەكاتەوە

بابەتی دواتر

دۆرتمۆند پلانی پاراستنی هالاند ئاشکرادەکات: لە 10 داواکار چواریان ئینگلیزین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share