ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی تشرینی یەكەم ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەنگۆی ڕادەستكردنی دۆسییەی تایبەت بەو كەسانەی تاوانی كوشتن و ڕفاندنیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجامداوە، بڵاوكردەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكەدا هاتووە، “تا ئێستا دۆسییەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو كەسانەی تاوانی كوشتن و ڕفاندنیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لە سەردەمی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی-دا ئەنجامداوە، بەدەستمان نەگەیشتووە و ئەو دەنگۆیەش كە لەوبارەوە بڵاوكراوەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە”.

دەشڵێت، “تائێستا تەنها دۆسییەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی كە پەیوەست نییە بە تۆمەتباران، بەدەستمان گەیشتووە”.

ئەنجومەنەكە ڕوونكردنەوەكەیدا وەڵامی لێدوانێكی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراقی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە لە دۆسییەكەدا، ئاماژە بە كەمتەرخی هیچ لایەنێك لە لێكۆڵینەوەكاندا نەكراوە.

لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق دژ بە گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار بەڕێوەچوون و بەوهۆیەوە حكومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.

لەمیانەی خۆپیشاندانەكاندا بەپێی ئامارەكان 565 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كوژران و سەدانی دیكەش بریندار و بێسەروشوێن بوون.

لە 27ی تەموزی ڕابردووش، حكومەتی عێراق لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتیی جومعە عناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ پێكهێنا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكانی كوشتن و تیرۆركردنی چالاكوانانی مەدەنی و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی دەستیبەسەر 25 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرت

بابەتی دواتر

لیژنەی دارایی پەرلەمان لەسەر موچە بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share