ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان باس لە ناکۆکییەکانی ناو حزبەکەی دەکات

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەو ئامادەیە دەست لەکاربکێشێتەوە ئەگەر ناڕازییەکانی گۆڕان بیانەوێت لە حزبەکەدا بەردەوامبن و ناڕازییەکان چەند پرسیارێکیان ئاڕاستە کردوون لەوانە میراتی سیاسی و ئاڕاستەی سیاسی لەناو حزبەکەدا.

عومەر سەید عەلى، ریکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لەمیانى کۆبونەوەى لەگەڵ هەڵسوڕاوانى مەکۆى سلێمانى بزوتنەوەکەدا ڕایگەیاند، “چەند کەسێک هەوڵیانداوە نێوەندگیری بکەن لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و ناڕازاییەکان و ئێمە وەڵامی هەموو پرسیارەکانمان لەبارەی ئاڕاستەی سیاسی و میراتگیری سیاسی و دارایی بزوتنەوەکەوە داوەتەوە”.

لەبارەی کەسە ناڕازییەکانەوە عومەر سەید عەلى وتی، “ئەو کەسانەی گۆڕانیان جێهێشت فراکسیۆن دروست دەکەن یان حزبی نوێ جگە لە سوپاس هیچی کەمان نییە و کاتی خۆشی زۆرینە بەبەڵێ دەنگیدا بەوەی بەشداری حکومەت بکەین و ئێستاش زۆرینە ناڕازیبێت لە حکومەت دێنە دەرەوە”.

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، “هەرێم لەبەردەم هەڕەشەى گەورەدایە، بۆیە پێویستە ئەو دوو هێزە (پارتى و یەکێتى) دابنیشن و پەردەیەک بدەن بەسەر ڕوداوەکانى رابردوو هەنگاوى نوێ بنێن، بەڵام ئەو دانیشتنە بە تەنها نا، بەڵکو بەبەشدارى ئۆپۆزسیۆن و دەنگ و بۆچونى شەقامى ناڕازى”.

ریکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان جەختیى کردەوە، “پێویستە هەموو بەیەکەوە ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ یەکخستنى دامەزراوەکان و ئەم هەرێمە بپارێزن، پێویستە بۆ هەموو هەنگاوەکانى تریش بەیەکگرتوویى بڕیار لەسەر چارەنوسى ئەم هەرێمە بدەین، بەتایبەتیش لە پرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد”.

بابەتی پێشتر

ژنێکی کورد لەناو 500 ژنی بەڕێوبەر خەڵاتی یەکەمی پێبەخشرا

بابەتی دواتر

چۆن دەبیت بە بچوكترین پزیشكی جیهان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share