داوا دەکرێت دۆسیەی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد ببرێتە دادگای فیدراڵی

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار ڕایانگەیاند کە بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانی هیوای کوردستان نوسراوی گواستنەوەی کەیسی هەوڵی “تیرۆرکردنی” غالب محەمەدیان ڕادەستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق کردووە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە هەریەکە لە پەرلەمانتاران (کاوە محەمەد، سەرکەوت شەمسەدین و د.غالب محەمەد) بڵاویانکردووەتەوە ڕایانگەیاند، “بەنوێنەرایەتی (هاوپەیمانی هیوای کوردستانی)، لەگەڵ بەڕێز (فائق زیدان) سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبووینەوە و کیتابی رەسمیی بەڕێز (محەمەد حەلبوسی) سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق- مان رادەستی کرد کە تایبەت بوو بە گواستنەوەی کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی (د.غالب)، ئەویش بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕی کە رێوشوێنە پێویستەکان بگرێتەبەر”.

ئەو پەرلەمانتارانە ڕایانگەیاندووە، “باسمان لەدۆخی خراپی قەزا لەهەرێمی کوردستان کرد کە بە تەواوی بەسەر حزبە دەسەڵاتدارەکاندا دابەشکراوە و ڕوونمانکردەوە کە دەسەڵاتداران دادگاکان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی حزبی بەکاردەهێنن و رێگەنادەن ڕۆڵی پیشەییانەی خۆیان بگێڕن”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، “باسمان لەسیاسەتی سەرکوتکاریی و دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و کەیسی حوکمدانی نادادپەروەرانەی چالاکوانانی بادینان کرد و داوامانکرد کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەتەواوی عیراق (بەهەرێمی کوردستان-یشەوە)، ڕۆڵی خۆی لەدوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبی لەدادگاکان-دا ببینێت”.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 26ی شوبات، لە شاری سلێمانی بە چەقۆ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشكرایە سەر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و برینداركرا.

بابەتی پێشتر

یونامی: دۆخی ئێستای سوریا کابوسێکی زیندووە بەبەرچاوی جیهانەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. 361 توشبووی نوێ تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share