ئایا كورسییەكەی پاپا فرانسیس دزرا؟

پاپای ڤاتیكان لە شاری ئور

لە دوێنێوە هەندێك لە میدیا ناوخۆییەكانی عێراق هەواڵی دزینی ئەو كورسییە بڵاودەكەنەوە كە پاپا فرانسیس لە سەردانەكەیدا بۆ شاری ئور لە پارێزگای زیقار لەسەری دانیشت، بەڵام زانیاری پێچەوانە لەبارەیەوە هەن.

سایتی (عالەم لجدید)ی ناوخۆیی لە عێراق بڵاویكردەوە، “كۆمپانیایەكی لوبنانی ڕێكخەری مەراسیمەكەی پاپا لە شاری ئور، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە ڕاسپێردرابوو، ئەو كورسییەی دزیوە كە پاپا لەسەری دانیشت و نوێژی لەسەركرد”. ڕۆژنامەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكیشەوە وتی، “پێویستە كورسییەكە لەناو عێراقدا بمێنێتەوە و، لە مۆزەخانەی زیقار دابنرێت”.

لە بەرامبەریشدا كۆمپانیای نەوتی زیقار، لە ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەنوسیدا دزینی كورسییەكەی پاپای ڕەتكردەوە و دوپاتیشیكردەوە، خاوەنداری كورسییەكە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای ڕێكخەری بۆنە و كۆنگرەكان كە لوبنانییە و لە عێراق كاردەكات.

هەروەك یەكێك لە سەرپەرشتیارانی ڕێكخەری ڕێوشوێنە لۆجستییەكانی سەردانەكەی پاپا بۆ ناسڕیە لە لێدوانێكدا وتی، كورسییەكە یەكێك بووە لە كەلوپەلەكانی كۆمپانیاكە، كە بۆ جێبەجێكردنی لایەنی ئیداری كاروباری لۆجستییەكان ڕاسپێدراوە و، لەلایەن كۆمپانیای نەوتی زیقارەوە ڕێككەوتنی لەگەڵ كراوە.

ئەوەشی وت، بەشێكی دیكەی كەلوپەلەكانی كۆمپانیاكە ئەو شانۆیە بووە كە نوێژە یەكخراوەكەی لەسەر كراوە، سەرەڕای كورسی ڕۆژنامەنوسان و بەشەكانی دیكە.

هەینی ڕابردوو پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان گەیشتە عێراق و ڕۆژی دواتر لە شاری ئور بە بەشداری پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكان نوێژی ئاینە ئیبراهیمییەكانیان ئەنجامدا، لەمیانەی ئەو گەشتە سێ ڕۆژییەدا كە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا.

بابەتی پێشتر

دەربارەی بەربەستی نرخی دۆلار لە بەردەم پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە ڕونكردنەوە دەدرێت

بابەتی دواتر

کازمی: پێشنیاری گفتوگۆی نیشتمانی بۆ هەموو لایەنەکانی عێراق دەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share