کازمی: پێشنیاری گفتوگۆی نیشتمانی بۆ هەموو لایەنەکانی عێراق دەکەین

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئازار بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووە و کازمی ڕایگەیاند کە پیشتر داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان لە سەرجەم لایەنەکانی عێراق کردووە و جارێکی دیکە پێشنیاری دەکەینەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا حەسەن نازم، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان لە سەرجەم لایەنەکانی عێراق کرد و ئەم پێشنیازەش بۆ هەموو عێراقییەکە لە هێزە سیاسییەکان، چالاکوانانی مەدەنی، کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەت، تاوەکو دابنیشن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو داهاتووی عێراقدا”.

کازمی سەبارەت بە تەقینەوەکەی پردی ئەئیمە وتی، “ئەو هێرشە هەوڵێکە دروستکردنی فیتنە و دووبەرەکی لەناو عێراقییەکاندا بە فڕێدانی بۆمبی دەستی بۆ ناو زیارەتکارانی ئەو یادە”.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق داواشی لە سەرجەم وەزیرەکان کرد کە هەفتانە بەپێی خشتەیەک سەردانی پارێزگای زیقار و ناوەندی ناسرییە بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکان بن و نەهامەتییەکانی خەڵک ببینن، نەک ناسریە بەتەنها بەڵکو سەردانی سەرجەم پارێزگاکان بکەن.

هەروەها سەبارەت بە سەردانەکەی پاپا جەختیکردەوە لەوەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق بکەن بە پرۆژەی گەشەپێدان و وتیشی، پێویستمان بە پەرەپێدانی لایەنی گەشتیاریی ئاینی و شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە هەیە بۆ مەبەستی گەشتیاری.

هەروەها سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق حەسەن نازم ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری تەندروستیی عێراق راپۆرتی وەزارەتەکەی سەبارەت بە بارودۆخی کۆرۆنا پێشکەشکرد و ڕایگەیاند کە ژمارەی تووشبووان بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و دەبێت هەموو لایەک بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵبگرن.

دڵنیاییشیدا لەوەی کە ڕێکارەکانی هێنانی 20 ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ عێراق تەواو بووە، داوای لە هاوڵاتییانیش کرد ناوی خۆیان لە پێگەی ئەلیکترۆنی تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.

 

 

بابەتی پێشتر

ئایا كورسییەكەی پاپا فرانسیس دزرا؟

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵ دوو بڕیار بۆ پارێزگاری لە بەرهەمی پرۆژەکانی ماسی دەردەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share