پاپای ڤاتیكان سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەرز هەڵدەسەنگێنێت و بە “دووبارە زیندوبوونەوە” ناویدەبات.
پاش سەردانەكەی ڕۆژی هەینی بۆ عێراق و بەسەركردنەوەی شارەكانی بەغداد و زیقار و هەولێر و موسڵ، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لە بەغدادەوە بەرەو ڕۆما گەڕایەوە.
لەنێو فڕۆكەی گەڕانەوەیدا پاپا (تەمەن 84 ساڵ) قسەی بۆ ڕۆژنامەنوسان كرد و باسی لەوەكرد كە یەكەم سەردانی دەرەوەی پاش 16 مانگ زیاتر لە سەردانەكانی دیكە ماندووی كردووە.
بەڵام وتی، هەستیكردووە بە “سەرلەنوێ لەدایكبوونەوە” پاش ئەو دۆخەی پێشوو كە وەك “بەندكراو بووە” بۆی بەهۆی كۆت و بەندەكانی تایبەت بە كۆرۆنا.
لەكاتێكدا كە ڕەچاوی دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و بەستنی ماسك دەكرا لەو كۆبوونەوانەی پاپا لە شوێنە داخراوەكان و بەشدارییە سنووردارەكاندا ئەنجامیدەدا، بەڵام هەزاران كەس كە زۆرینەیان گەنج بوون لەو ڕێوڕەسم و سروتەدا بەشداربوون كە لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێر ئێوارەی یەكشەممە بەڕێوەچوو، بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو ڕێوشوێنانە لەلایەن بەشێكی بەرچاوی خەڵكەوە، وەك ئەوەی سایتی ئەلعەرەبییە باسیكردووە.
پێشتر پاپا چەندین جار هانی خەڵكی دەدا بۆ ڕێزگرتن لە ڕێنوێنییەكانی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ دەربارەی كۆرۆنا. ڤاتیكان-یش بەر لە سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق ڕایگەیاند كە متمانەی تەواوی هەیە بەوەی بەرپرسانی عێراقی دەتوانن وا لە هاوڵاتییان بكەن پابەندبن بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە.
ڕۆژنامەنوسێك پرسیاری لە پاپا كرد لەبارەی ئەوەی ئایا دوودڵ بووە لە ئەگەری توشبوونی ئەوانەی دەهاتن بۆ سەردانكردنی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەنانەت مردن-یش؟، پاپا وتی، “بەشێنەیی تاوتوێی ئەو گەشتانە دەكەم (كە دەمەوێت ئەنجامی بدەم)” و باسی لەوەشكرد كە مەترسی ڤایرۆسەكە یەكێك بووە لەو پرسانەی بیری لێكردوەتەوە لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق.
وتیشی، “زۆرم بیركردەوە و بەهەمان شێوە زۆریشم نوێژ كرد. لە كۆتاییدا ئازادانە بڕیارمدا. لە دڵمدا وتم، ئەو خواوەندی ڕێگەمپێدەدات بە بڕیاردان بەو ئاراستەیە خەڵك دەپارێزێت” و ئەوەشی وت، بەوشێوەیە بڕیاریداوە پاش نوێژ و هەستكردنی بە مەترسییەكان.
چاوپێكەوتنی لەگەڵ سیستانی
لە دیارترین چالاكییەكانی پاپا سەردانەكەی بوو لە شاری نەجەف و چاوپێكەوتنی لەگەڵ عەلی سیستانی (90 ساڵ)ی گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق و وتی، “هەندێك كات هەموو ئەوەی لەسەرتە بیكەیت ڕیسك كردنە” و سیستانیشی بە خاوەن “ڕۆحی باڵا” ناوبرد.