هەوڵەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە جەنگی قەرەباغ دەستیانپێكرد و وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان هەریەكەو سەردانی وڵاتێكی ئەوروپا دەكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕاگەیاندراوێكی لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی دووەمدا بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “سبەی جیهۆن بەیرامۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان دەگاتە جنێڤ-ی پایتەختی سویسرا.”
ڕوونیكردەوە، “لە سەردانەكەدا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان لەگەڵ سەرۆكەكانی بەشدار لە گرووپی مینسك تایبەت بە قەرەباغ كۆدەبێتەوە، بە مەبەستی گەیاندنی هەڵوێستی وڵاتەكەی بە ئەرمینیا سەبارەت بە چارەسەركردنی ململانێكەی نێوانیان.”
هاوكات، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، “زوغراب مناتساكانیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سەردانی مۆسكۆ دەكات و لەگەڵ سێرگی لاڤروڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیادا كۆدەبێتەوە.”
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، “دانوستاندن سبەی لە جنێڤ و دووشەممەی داهاتوو لە مۆسكۆ دەستپێدەكات لەپێناو دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا بۆ ئەوەی گرژییەكانی قەرەباغ كۆتاییان پێبهێندرێت.