هاوكاتی بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، یەریڤان داوا دەكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دان بە سەربەخۆیی قەرەباغ-دا بنێن.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاڕ تی ڕوسی كە ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی تشرینی یەكەم بڵاویكردووەتەوە، باسی لەوەكردووە وڵاتی ئەرمینیا داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە، دان بە هەرێمی قەرەباغ-دا بنێن وەك وڵاتێكی سەربەخۆ، كە تا ئێستا دانی پێدا نەنراوە.
هەرچەندە ئەرمینیا ئامادەیی پیشانداوە بۆ دانوستان لەبارەی قەیرانی قەرەباغ لە چوارچێوەی گروپی مینسك لە ڕێكخراوی ئاسایشی هەماهەنگیی ئەوروپا، لە بەرامبەردا ئیلهام علێف، سەرۆكی ئازەربایجان ڕایگەیاندووە، مەرجی ئەو بۆ چونە نێو ئەو دانوستانە ئەوەیە كە ئەو ڕێكخراوە بێلایەنی خۆی لەو پرسەدا بخاتەڕوو.
لەبارەی بڵاوەپێكردنی هێزی ئاشتی لەلایەن وڵاتی ڕوسیاوە، نیكۆڵ باشینیا، سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا ڕایگەیاند، “دەكرێت ئەو دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی گروپی مینسك تاووتوێ بكرێت، كە ڕوسیا و ئەمریكا و فەڕەنسای تێدان”.
هەردوو وڵات یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی سەربازی بیانییان هێناوەتە ڕیزی هێزەكانیان، ئەرمینیا لە تۆمارێكدا كە وەك بەڵگە بڵاویكردووەتەوە دەریخستووە، وتووێژ لەنێوان سەربازانی ئازەربایجان و توركیادا بەڕێوەدەچێت، كە بەشداربوون لە شەڕی قەرەباغ، بەڵام باكۆ ڕەتی كردەوە و وتی، ساختەیە.
لە بەرامبەردا، ئیلهام علێف، سەرۆکی ئەرمینیا ڕایگەیاند، “ئەرمینیا هەستاوە بە دانانی هەندێک سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزەکانیدا کە لە بنەڕەتدا ئەرمەنی نین، هیچ جیاوازییەکیشیان لەگەڵ سەربازەکانی دیکەدا نییە و تیایاندایە لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدان”.