یوڤانتۆس ئامادەکاری بۆ سەردەمی دوای کریستیانۆ دەکات

 

یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی لاوانی بەهرەدار دەستپێکردووە و یاریزانە بەتەمەنەکانیشی بە پلانێکی ڕێکخراو فرۆشتووە.

سەرۆکایەتی یانەی خانمە پیرەکە لەسەر ڕاسپاردەی ڕاهێنەری نوێ، بڕیاریداوە تەنها نازناوی یانەکەیان بە پیری بمێنێتەوە و لەناو یاریگادا پێکهاتەیەکی گەنجی بە گڕوتین بەگەڕبخات.

لە گواستنەوەکانی هاوینەی 2020 نوێنەرانی بیانکۆنێری سەرنجیان لەسەر گواستنەوەی ئارسەر مێلۆی بەرازیلی و فیدریکۆ کیێزای ئیتاڵی بوو، یەکەمیان بە درێسی بەرشلۆنەوە ئەزمونی خولە ئەوروپییەکانی بەدەستهێناوە، دووەمیشیان بەدرێسی یانەی فیۆرنتیناوە سەلماندوویەتی یەکێکە لە باشترینەکانی خولی پلە یەکی ئیتاڵیا.

دووانەی ناوبراو لەداهاتوودا کار لەگەڵ دیان کولوسێڤیسکی و ویستن ماکینی دەکەن، کە ئەمانیش بەهەمان شێوە گەنجی بەهرەدارن و تەمەنیشیان کەمترە، بەڵام پێرلۆ متمانەی بەتواناکانیان بەخشیوە و لە سەرەتای وەرزیشدا سەرکەوتوبووە لە کارەکانیدا.

لەبەرانبەردا یانە زەبەلاحەکەی تۆرینۆ بەردەوامی بە کیلینی و بونۆچی داوە کە دوو بەرگریکاری بە ئەزمون و بەسوودن، هەروەها بوفۆن کە ئەفسانەی یانەیە و مەحاڵە دووربخرێتەوە، بەڵام یاریزانانی وەک پیانیچ، ماتویدی، هیگواین، دوگلاس کۆستا کە تەمەنیان لەسەرو 30 ساڵەوە بووە ڕەوانەی یانەی دیکە کراون.

تاکە یاریزانی بە تەمەن کە لە پێکهاتەی یوڤیدا ڕۆڵی سەرەکی پێدراوە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەیە، ئەم یاریزانەش وەک ئاشکرایە هێشتا توانا جەستەییەکانی ڕێگەی یاریکردنی زیاتری پێدەدەن و لەڕووی ئەزموونەوە سوود بە یاریزانە لاوەکان دەگەیەنێت.

ئەندریا پێرلۆ دەڵێت، ” کریستیانۆ یەکەم یاریزانە دەگاتە مەشقەکان و کۆتا یاریزانە دەڕواتەوە، بووەتە نمونەیەکی جوان بۆ هەموومان، هیوادارم لە تۆمارکردنی گۆڵ و لەسەر هەمان ئاست بەردەوامبێت”.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی دووپاتیدەکاتەوە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەندریا پێرلۆ و ئیدارەی یانەی یوڤانتۆس، لە داهاتوودا یانە ئیتاڵییەکە بە یاریزانە لاوەکان نوێدەکرێتەوە، ئەوەش وەک ئامادەکاری بۆ سەردەمی دوای کریستیانۆ ناودەبرێت.

بابەتی پێشتر

مێسی قایلدەبێت؟ بەرشلۆنە لەبەردەم قەیرانێکی دیکەدایە

بابەتی دواتر

ئەو یاریزانانەی هاوینی 2021 گواستنەوەیان دەبێتە بێبەرانبەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share