ڕیاڵ مەدرید ئۆپەراسیۆنی نوێکردنەوەی بەرگری دەستپێدەکات

ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید پێگەی سەنتەرەکانی بەرگری یەکلاییدەکاتەوە

سەرەڕای ئەوەی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی هێرشبەرێک دەستپێدەکات، بەڵام ناچاردەبن ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزتر بۆ هێڵی بەرگری ئەنجامبدەن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مارکا، لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 یانەی شاهانە هەوڵەکانی بۆ کڕینی هێرشبەرێکی بەتوانا دەستپێدەکات، چاودێرانی شاهانە بۆ ئەم مەبەستە سەرنجیان خستووەتەسەر کیلیان مباپێی فەرەنسی و ئێرلینگ هالاندی نەرویجی.

مارکا دووپاتیدەکاتەوە، ئیدارەی فلۆرنتینۆ پێرێز کێشەیەکی دیکەیان بۆ دروستبووە کە ئەویش کێشەی نوێکردنەوەی بۆندی دوو سەنتەری بەرگرییە، لەلایەک سێرجیۆ ڕامۆس ئامادەنەبووە بۆندەکەی نوێبکاتەوە، لەلایەکی دیکە ڕافائێل ڤاران بەختەوەری لەدەستداوە و دەیەوێت ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات.

بەم هۆیەوە بەڕێوبەرانی لۆس بلانکۆس بڕیاریانداوە بەر لە دەستپێکی گواستنەوەکانی هاوینی 2021 پێگەی هەردوو سەنتەری بەرگری یەکلاییبکەنەوە، لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکانیشدا بە ئاڕاستەی سێ یاریزانی دیکە هەنگاو دەنێن.

یەکەم داواکراو داڤید ئالابای نەمسایی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن دەبێت، کە پێشتر دانوستاندنی لەگەڵدا کراوە و کێشە لە بڕی ئەو موچەیەدایە کە داوایکردووە، دووەمیان پاو تۆرێسی ئیسپانی بەهرەمەندی 22 ساڵی یانەی ڤیاڕیاڵە و سێیەم داواکراویش جول کوندی فەرەنسی بەرگریکاری یانەی ئیشبیلیە دەبێت.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یاریەکانی ئەمڕۆ، شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

ئەو کەشتییە نەوتییەی ئەمریکا دەستیبەسەرداگرتووە نەوتی عێراقی هەڵگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share