سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی گەیشتنی یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ” خۆشحاڵم به گهیشتنی یهكهم كاروانی ڤاكسینی دژ به ڤایرۆسی کۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ ههرێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کۆماری چین دەکات و بۆ هاوکارییە مرۆییەکانی، هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگ لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی پزیشکان و کارمەندانی هێڵی پێشەوە ناوی دەبات.
مەسرور بارزانی دەڵێت، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، به ههماههنگی لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ، کار دهكات بۆ بهدهستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” من بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون دهكهم بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات”.
لەپەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، “بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام دهبێت ڤاكسین بۆ زیاتر له 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكهین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئێستا كار له سهر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه تیمی تهندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشهوهی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمهندانی دهزگا ئهمنییهكان و كهسانی بهتهمهن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە”.
باسیلەوەکردووە کە پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژهی هاووڵاتیان بهپێی تهمهن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات . هیوادارین دوای ئەم قۆناغە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆمان و دۆخی ئابووریش گەشە بکاتەوە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، “من دڵنیام دهتوانین باردۆخهكه ئاسایی بکەینەوە، بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بکات، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەگشتی، هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن . ئهمهش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییهكانی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەیە بە گشتی”.
دوێنێ یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆفارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی 5000 ژەمە ڤاکسینە و بەپێی پۆلێنبەندی حکومەتی هەرێم سەرەتا دەدرێت بە پزیشکان و کارمەندانی ڕیزی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.