سەرۆك فراكسیۆنێك وردەكاریی دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا ئاشكرادەكات

ڤیان سەبری: دۆخەكە ئیجابی بوو، هیچ بیروبۆچونێكی توندمان بەدینەكرد

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، تائێستا هیچ دەقێكی جێگرەوە بۆ ئەو بڕگانەی تایبەتن بە پشكی هەرێم پێشكەشنەكراون و دەشڵێت، دۆخەكە ئیجابییە و چاوەڕوانین بەر لە ڕوكردنە هۆڵی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە بگەینە تەوافوق.

دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە وەك ئامادەكارییەك بوو بۆ وەرزی نوێی یاسادانان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، پرۆژەی بودجە گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 و پشكی هەرێم تیایدا، هەروەها ئەو یاسای پێویستە بكرێنە كاری لەپێشینەی پەرلەمان تاوتوێكران، سەرۆك فراكسیۆنێكیش وردەكارییەكەی ئاشكرادەكات.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تائێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەن هیچ لایەنێكی سیاسی دەقێكی جێگرەوەی پێشكەشنەكردووە بۆ ئەو ماددانەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا تایبەت بە پشكی هەرێم دیاریكراوه‌.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا هەندێك فراكسیۆنی شیعە چەند ڕاوبۆچوونێكیان خستەڕوو، ئێمەش وەك لایەنە كوردستانییەكان سووربوونمان نیشاندا لەسەر ماددەی 10 و 11ی پڕۆژەكە وەك ئەوەی لە پرۆژەكەی حكومەتدا هاتووە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ نزیكبوو لە خواستی كوردەوە، ڤیان سەبری وتی، “هەندێك لایەن ڕاكانیان ئیجابی بوو، بەتایبەت لایەنە سونییەكان بۆچوونەكانیان لێمانەوە نزیك بوو”.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا وەك فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان چەندین كۆبوونەوەی دیكە دەكەن و، ئومێد و خواستی خۆیشی نیشاندا كە بگەنە “تەوافوقێك” بەر لە چوونە هۆڵی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە.

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەگەری هەیە تەوافوق بێتە ئاراوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دوپاتیكردەوە، “دۆخەكە ئیجابی بوو، هیچ بیروبۆچونێكی توندمان بەدینەكرد، ڕایەكانیش نزیك بوون لێمانەوە”. جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوە بووە و بەردەوامیش دەبن تا دەگەنە لێكتێگەیشتنی كۆتایی.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆن و سەرۆكی لیژنەكاندا تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی ئەو یاسایانەی پێویستە لە وەرزی نوێدا پەسەندبكرێت.

ڤیان سەبری وتی، ژمارەیەك یاسامان دەستنیشانكردووە كە هەندێكیان خوێندنەوەی یەكەمی و دووەمیشیان بۆ كراوە وەك یاساكانی (دادگای فیدڕاڵی، خۆپیشاندانی ئاشتییانە، ئازادی ڕادەربڕین، خزمەتی شارستانی و یاسای ئەنجومەنی وەزیران) كە نزیكەی 20 یاسایە و جەخت لەسەر تێپەڕاندنیان كرایەوە.

ڕونیشیكردەوە، ئەوەی زۆرترین قسەی لەسەر كرا یاسای دادگای فیدڕاڵییە و قسەر لەسەر ئەوە كرا كە ئایا یاسایەكی نوێ دابڕێژرێت، چونكە دادگاكە لە بنەڕەتدا پێش دەستوور دامەزرێنراوە، یان هەمواری یاساكەی ساڵی 2005 بكرێت.

“هەندێك لە فراكسیۆنەكان باسیان لە داڕشتنی یاسایەكی نوێ كرد، بەڵام داڕشتنی یاساكە دەبێت بەپێی ماددەی 92ی دەستور دەبێت كە جەخت لەوەدەكاتەوە پەسەندكردنی پێویستە بە دوو لەسەر سێی دەنگدەران بێت، ئەمەش لەم كاتەدا لە ئەنجومەنی نوینەران زەحمەتە، چونكە ئەگەری سازان ئەستەمە” ڤیان وای وت.

باسی لەوەشكرد “هەندێك ڕا هەبوو كە هەمواركردنەكە بە دەنگی زۆرینە بێت، لەكاتێكدا هەمواریش پێویستە بەپێی ئەحكامی ماددەی 92ی دەستور بێت كە ئەویش دەنگی دوو لەسەر سێیە، وەك فراكسیۆنە كوردییەكان سووربووین لەسەر ئەوەی هەمواربێت یان داڕشتنی یاسایەكی نوێ پێویستە بەدەنگی دوو لەسەر سێ بێت و بۆ ئەوەش ڕای ئەو لایەنانەمان ڕەتكردەوە كە باسیان لە دەنگی زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی دەكردەوە بەبیانوی ئەوەی هەموارەكە بۆ پڕكردنەوەی نیسابی دادگاكەیە”.

بابەتی پێشتر

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد

بابەتی دواتر

ئۆپیک: بازاڕی نەوت تاڕادەیەک جێگیربووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share