یەکێتی مامۆستایان: ئەگەر بڕیاری ڕاگرتنی خوێندن بدرێت ساڵی خوێندن دەکەوێتە مەترسییەوە

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای کۆرۆنا پرسی بەردەوامی یان ڕاگرتنی خوێندن تاوتوێدەکرێت و وتیشی، “ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەناو خوێندکاراندا ئەوەندە زۆرنییە خوێندن ڕابگیرێت”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی وتی، “پرۆسەی خوێندن ئێستا بەباشی بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە ژمارەیەک لە خوێندکاران و مامۆستایان توشی کۆرۆنا بوون بەڵام توشبوونی سێ سەد یان چوار سەد خوێندکار نابێت بکرێت بە بیانوی داخستنی خوێندنگەکان”.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی خوێندن لەم کاتەدا کۆی ساڵی خوێندن دەخاتە مەترسییەوە و ئەمساڵی خوێندکاران دەفەوتێت.

“ئێمە یاداشتمان داواتە وەزارەتی پەروەردە و داوامان لێکردوون کە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت بەو جۆرەی کە ئێستا هەیە، پێشتریش هەر لەسەر پێشنیار و داوای ئێمە ئەم خشتەی سێ ڕۆژییە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن دانرا” مامۆستا ئەحمەد وایوت.

سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی خوێندنگەکان ئاماژەی بەوەکرد، “ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگەکان وەزارەتی پەروەردە ناچار دەبێت دەستببات بۆ کەمکردنەوە و کورتکردنەوەی بابەت و پرۆگرامی خوێندن چونکە کاتی خوێندن زۆر کەمی ماوە و دەرفەتی جارێکی دیکە دواخستنی نەماوە”.

جەختیکردەوە کە یەکێتیی مامۆستایان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەکان و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندندا نییە ئەوەشمان بە وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاندووە.

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، هەروەها ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ئامارەکان بکات و بڕیاریش لەبارەی راگرتنی پرۆسەی خوێندن یان بەردەوام بوونییەوە بدات.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: دوورخستنەوەی ئەم بەعسییانە كارێكی باش نییە

بابەتی دواتر

ئایا نوری مالیکی دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share