میدیایەكی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپ كاندیدكردنی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڕابگەیەنێت.
تۆڕی ئەی بی سی-ی ئەمریكی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی شوبات ڕایگەیاندووە، لە وتارێكدا كە بڕیارە ئەمڕۆ پێشكەشی بكات پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئاماژە بەوە بكات، “ئەو كارە سیاسییەی چوار ساڵ پێش ئێستا دەستیپێكرد كۆتایی نەهاتووە و جارێكی دیكە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024دا خۆی دەپاڵێوێتەوە بۆ بوون بە سەرۆك”.
ئەو میدیا ئەمریكییە پێشبینی ئەوەشی كردووە، ترەمپ لە وتارەكەیدا باس لە داهاتووی خۆی و حزبەكەی و جوڵە سیاسییەكانی بكات.
ئەوەشی ئاشكراكردووە، پێناچێت ترەمپ خواستی دروستكردنی حزبێكی نوێی هەبێت یان كۆمارییەكان بەجێبهێڵێت.
میدیاكانی ئەمریكا باسیان لەوە كردووە، ئەمڕۆ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا پاش مانگێك لە دووركەوتنەوە وتارێك پێشكەش دەكات و ڕەنگە وتارەكەی نزیكەی 90 خولەكێك بێت.