پارێزگاری سلێمانی ڕوونكردنەوە لەبارەی زیادبوونی ئامارەكانی كۆرۆنا دەدات

پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، تاكە هۆكار بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا بەكارهێنانی ماسك و دووركەوتنەوەیە لە قەرەباڵغی، سەبارەت هۆكاری زیادبوونی ئامارەكانیش ڕوونكردنەوە دەدات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، تاکە هۆکار بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا خۆپارێزیە، خۆپارێزی کورتبوەتەوە بۆ دورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و بەر یەککەوتن و بەکارهێنانی ماسک، لە هەمانکاتدا ئەرکی دامودەزگا تەندروستییەکانە بە هاوکاری حکومەت چارەسەری پێویست دابینبکات بۆ ئەوانەی کە باری تەندروستیان مەترسیدار و ناجێگیرە.

دەربارەی هۆكاری زیادبوونی توشبوون و بەتایبەتیش مردن لە سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی، “دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی بژێوی ژیانی خەڵک، ئەو سەرمایە مرۆییەی لە کەرتی تەندروستی هەمانە، خراپی بارودۆخی ئابوری کاریگەری لەسەر دروستکردون و سەرمایەی مرۆیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەئاستی پێویستدا نیە، لە هەمانکاتدا لەبەر ئەوەی ئێستا لە وەرزی پایزداین و هاوڵاتیان هەندێک پەتا دەگرن و لێیان قورس دەکات و پێیانوایە پەتای وەرزیە، کاتێک دێنە نەخۆشخانەکانی ئێمەوە بارودۆخیان زۆر خراپ بوە”.

بە وتەی پارێزگاری سلێمانی یەکێکی دیکە لە هۆکاری زیادبوونی ئامارەکانی کۆرۆنا ئەوەیە، لە کەمپی مەخمور تا کۆیە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و ژمارەیەک لە هەولێر دێنە سلێمانی، کاتێک گیانلەدەستدەدەن ئامارەکەی لەسەر سلێمانی هەژماری دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، “یەکەم پارێزگا کە کۆرۆنای تیادا تۆمارکرا، سلێمانییە، هەمو شارەکانی دیکە دڵنیا دەکەمەوە کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەکو سلێمانییان لێدێت، هەروەك چۆن ئەوکات پێشبینیمان کرد”.

دووشەممەی ڕابردوو یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتییی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی 12 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا و 40 تووشبوو لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە سلێمانی “زەنگێکی مەترسیدارە!!”.

یاد نەقشبەندی وتیشی، “ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەرکی سەرشانی کەرتی تەندروستی نییە لە شارەکە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە بە زووترین کات کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە”.

پێشتریش هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پاش درك كردنمان بە زیادبوونی ژمارەی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی، لیژنەیەكمان دروستكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “لەڕێی لیژنەكەوە مەبەستمانە بزانین ئەگەر گرفتەكە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەك كەرتی تەندروستی كێشەكە چارەسەربكەین، ئەگەریش پەیوەندی بە خودی نەخۆشەوە هەبێت ڕێنماییان بكەین تا ڕێكاری پێویست بگرنەبەر”.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا.. ژمارەی چاكبوونەوە لە جیهاندا 27 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

پەروەردەی سلێمانی قوفڵی لە دەرگاكانی دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share