تەندروستیی عێراق: لە چەند ڕۆژێکدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەگاتە دەستمان

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 27ی شوبات ڕایگەیاند کە ئەو ڤاکسینەی لە چەند ڕۆژێکی نزیکدا بەشی یەکەمی دەگاتە عێراق ڤاکسینی ئەسترازێنیکای بەریتانییە و هیچ توێژینەوەیەکیش دەرینەخستووە ڤاکسینەکە کاریگەریی نییە.

لەوبارەیەوە ڕیاز حلفی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاند، “لە دنیادا سەرجەم وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان ڤاکسینی کۆرۆنا لە کەمترین ماوەدا بەدەستبخەن، تاوەکو ئێستاش 263 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕاگرتنی هێنانی ڤاکسینەکە دەکەن بەهۆی گومان لەسەر کاریگەرییەکانی دوورە لە ڕاستییەوە، هیچ توێژینەوەیەکیش نییە دەریبخات کە ڤاکسینەکە لەسەر ئەو کەسانەی وەریانگرتووە کاریگەر نەبووە.

ڕیاز حلفی دەڵێت، “ئەو ڤاکسینەی کە عێراق دەگاتە دەستی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڤاکسینی ئەسترازێنیکای بەریتانییە” بەبێ ئەوەی بڕی ڤاکسینەکە دیاریبکات.

لەلایەکی دیکەوە عەباس حسەینی، ئەندامی شانەی قەیرانەکانی عێراق و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فاتمە زەهرا وتی، “عێراق بە مەبەست گرێبەستی هێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای لەگەڵ چەند لایەنێکدا کردووە، ئەمەش بۆئەوەی بە زوترین کات ڤاکسینەکەمان پێبگات”.

ڕاشیگەیاند، “عێراق لە وڵاتە یەکەمەکانە کە هەوڵی بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای داوە، چونکە ڤاکسینەکە دەتوانێت بەشێک لە بەرگریی نیشتمانی  دروستبکات کەمێک لایەنی تەندروستیی کۆمەڵگا ببوژێنێتەوە، ئەمەش بەمانەی ئەوە نایەت کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەکارهێنانی دەمامک و لێکدووریی کۆمەڵایەتیی پشتگوێبخەین”.

باسیلەوەکرد، کە ڤاکسینەکە گەیشتە دەست وەزارەتی تەندروستی بەپێی توێژەکان ئەوانەی لە پلەی یەکەمدان ڤاکسینەکە وەردەگرن و دوای سێ هەفتە ژەمی دووەمیش وەردەگرن دواتر چاودێریی کاریگەرییەکانی دەکەین.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی لەسەركارلادراوی میانمار بێسەروشوێنە

بابەتی دواتر

وەزیری دەرەوەی عێراق لە تارانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share