گردبوونەوە لە هەڵەبجە قەدەغە دەكرێت

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەڵەبجە

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەڵەبجە هەموو گردبونەوە و كۆبوونەوەیەك لە مانگی داهاتوودا قەدەغە دەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوبات لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بە سەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری شارەكە كۆبووەوە.

نوخشە ناسیح، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدارەوە دەرچووە، بڕیاردرا چاودێری سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن بە تایبەتی بکرێت و ماسک ببەسترێت.

وتیشی، “بڕیاردراوە هەموو گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەک لە مانگی ئازاردا قەدەغەیە”.

دوێنێ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی هەرێم كۆبووەوە و چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەكی نوێی دەركرد.

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بەشێك لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی بڵاوكردەوە و سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن وتی، گۆڕانكاری لە پڕۆسەی خوێندندا ناكرێت و خوێندن لە ناوەندەكاندا بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت.

وتیشی، “بۆ ڕێگری لە زیادبوونی توشبووان و بەتایبەت توشبوون بە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕێوشوێنەكان لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق تونددەكرێتەوە.

جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، لە بۆنەكانی مانگی ئازار هیچ چالاكییەك ئەنجامنادرێت”.

بابەتی پێشتر

نێرەی هەنگ هیچ كارێك ناكات و لە زستاندا دەكرێنە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share