بە ژمارە.. بەرشلۆنەی سیتیێن لە بەرشلۆنەی کومان باشتر بووە

کیکی سیتیێن ژمارەکانی لە ڕۆناڵد کومان باشتر بووە

شکستەکانی بەرشلۆنە لەم وەرزەدا ڕۆناڵد کومانی خستووەتە بەردەم بەراوردکارییەکی چاوەڕواننەکراو بەرانبەر بەرشلۆنەی سەردەمی کیکی سیتیێن.

ئازولگرانا بە سەرپەرشتی کومان لەم وەرزەدا ئاستیان بەپێی پێویست نەبووە، لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی لالیگا بەرانبەر قادیش یەکسانبوونیان تۆمارکرد، چانسی نزیکبوونەوەیان لە ئەتلەتیکۆ مەدریدی یەکەمی ڕیزبەندی لالیگا لەدەستدا، لە خولی یانە پاڵەوانەکانیش بەرانبەر پاریس بە ئەنجامی چوار گۆڵ دواکەوتوون و بەهەمان شێوە لە جامی شای ئیسپانیا بەرانبەر ئیشبیلیە بە دوو گۆڵ دۆڕاندنیان تۆمارکردووە و گەڕاندنەوەیان پێویستی بە موعجیزەی وەرزشییە.

پێشتر جامی سوپەری ئیسپانیایان لەدەستدا و بە گشتی لەم وەرزەدا لە هیچ جەمسەرێکەوە دۆخیان باش نییە، میدیاکان بە ناچارییەوە کەوتوونەتە بەراوردکاری ژمارە نوێیەکان لەگەڵ ژمارە تۆمارکراوەکانی سەردەمی کیکی سیتیێن.

وەرزێکی کارەساتبار

ئەگەر بە ژمارەکانی بەرشلۆنەی سەردەمی کوماندا بچینەوە هەست بە خراپیان دەکەین، جگە لە زنجیرەیەک سەرکەوتنی لالیگا، جامی سوپەریان لەدەستداوە و بە هەموو ئەگەرێکەوە نازناوی لالیگا و جامی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگیش لەدەستدەدەن و وەرزێکی دەستبەتاڵ بەڕێدەکەن.

ڕۆناڵد کومان لەم وەرزەدا هەمان ژمارەکانی سەردەمی سیتیێنی تۆمارکردووەتەوە

بارسا لەگەڵ کومان 36 یاری لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان ئەنجامداوە، 23 بردنەوە و هەشت دۆڕاندن و پێنج یەکسانبوونیان تۆمارکردووە، بەو داتایەشەوە ڕێژەی سەرکەوتنیان دەگاتە نێوەندی ڕێژەی لەسەدا 62، کە ئەوەش ژمارەیەکی لاوازترە لە وەرزەکانی ڕابردوو.

بەرشلۆنە لە سەردەمی کیکی سیتیێن 25 یاری ئەنجامدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان، 16 بردنەوە و چوار یەکسانبوون و پێنج دۆڕاندنیان تۆمارکرد، نێوەندی ڕێژەی سەرکەوتنەکانیان لەسەدا 64 بوو، کە ئەوەش لە داتاکانی سەردەمی کومان باشترە.

بەراوردکاری ژمارەکان لێرەدا ناوەستێتەوە، لە سەردەمی سیتێن بارسا تەنها 27 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە هەشتیان لە یەک یارییدا بووە (بەرانبەر بایرن)، واتا بە نێوەندی ڕێژەی 1.1 گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە.

لەگەڵ کومان یانە کەتەلۆنیەکە 43 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە بە ڕێژەی 1.2 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق: چەك رۆڵی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبێت

بابەتی دواتر

داعش و سوپای عێراق لە باكووری بەغداد لە شەڕدان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share