بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، لە سێ هەڵمەتی جیادا دەستیان بەسەر 10 كیلۆ و 500 گرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوبەرایەتییەكەدا هاتووە، لە 4ی تشرینی یەكەم دەستیان بەسەر 7.5 كیلۆگرام مادەی شلی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ لە سنووری قەزای ئاكرێ گرتووە، دوو تۆمەتباریش بە ناوەكانی (ف. ئ.م) و (ش. ع. س) دەستگیركراون.
دەشڵێت، لەهەمان ڕۆژدا دەست بەسەر كیلۆیەك مادەی هۆشبەری جۆری كریستاڵ گیراوە و تۆمەتبارێك بەناوی (ئ. ه. ش) دەستگیركراوە.
بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان ئاشكراشیكردووە، دوێنێ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم لەلایەن ئاسایشی فڕۆكەخانەی هەولێر و لەكاتی پشكنیندا دەستبەسەر بارێكدا گیراوە كە بڕی دوو كیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری تلیاكی تێدا شاردرابووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بارەكە بریتیبووە لە 10 مەنجەڵ كە هەر یەكێكیان 200 گرام مادەی هۆشبەری تێدابووه.